ناتانیاهۆ: کشانەوە لە لوبنان بەستراوەتەوە بە داماڵینی تەواوەتی چەکی حزبوڵڵا
رۆژێک دوای واژۆکردنی رێککەوتنی چوارچێوە لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند؛ هێزەکانی وڵاتەکەی لە خاکی لوبنان ناکشێنەوە مەگەر حزبوڵڵا بەتەواوی چەک بکرێت و کۆتایی بە بوونی سەربازیی ئەو حزبە لە ناوچەکەدا بهێنرێت.
ناتانیاهۆ لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە، تەلئەڤیڤ لە پشتێنەی ئەمنی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی چەک بە دەست حزبوڵڵاوە بێت. ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ هەنگاوێک بەرەو دواوە نانێن تەنیا دوای داماڵینی تەواوەتی چەک و دڵنیابوونەوە لە نەمانی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شوێنی ئەو ناوچانەی بە ناوچەی تاقیکاری وەسفی کردن دیاری کرد، بریتین لە ناوچەیەکی بچووک لە باکووری رێڕەوی رووباری لیتانی و ناوچەیەکی دیکە لە باکووری ئەو پشتێنە ئەمنییەی کە سوپای ئیسرائیل سەپاندوویەتی.
ناتانیاهۆ پێشتریش رایگەیاندبوو، رێککەوتنی واشنتن دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ وڵاتەکەی و لێدانێکی بەهێزە بۆ هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا.
رۆژی هەینی، لوبنان و ئیسرائیل لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێککەوتنی چوارچێوەی نوێیان واژۆ کرد. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، بوونی سەربازیی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەردەوام دەبێت و کشانەوەی هێزەکانیش بەستراوەتەوە بە داماڵینی چەکی حزبوڵڵا.
ئەم رێککەوتنە دوای چوار رۆژ لە دانوستانی چڕ و سەخت لە واشنتن هات، پێشتر ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی باڵای لوبنانی و ئیسرائیلییەوە ئاشکرای کردبوو، تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش راگەیاندنی فەرمی، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن.