قوربانییانی شەپۆلی گەرما لە فەرەنسا روو لە هەڵکشانە

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا رایانگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما توندەی رووی لە وڵاتەکە کردووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات دامەزراوەکانی کەشناسی هۆشداری دەدەن لە ئەگەری بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە رۆژانی داهاتوودا.

شەممە، 27ـی حوزەیرانی 2026، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا، تۆمارکردنی زیاتر لە 100 حاڵەتی گیانلەدەستدانیان لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا راگەیاند، کە بەهۆی کاریگەریی ئەو شەپۆلە گەرما توندەوە بووە کە رووی لە وڵاتەکە کردووە.

 ئەمەش لە کاتێکدایە کە هۆشدارییە فەرمییەکان لەبارەی بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە رۆژانی داهاتوودا هێشتا بەردەوامن.

دامەزراوە تەندروستییەکانی فەرەنسا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە زۆربەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لە نێوان بەساڵاچووان و ئەو کەسانەدا تۆمارکراون کە بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن.

لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی حکوومی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی هێڵی فریاگوزاریی خێرایان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و پلانەکانی وەڵامدانەوەی خێرایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی ئەم دۆخە نائاساییە چالاک کردووە.

هاوکات، حکوومەتی فەرەنسا داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە لە کاتەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا، لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر بەدوور بن و بڕێکی پێویست ئاو بخۆنەوە.

جەختیش لەسەر دابینکردنی چاودێری و پاراستنی پێویست بۆ ئەو توێژانە کراوەتەوە کە زیاتر لە ژێر مەترسیی توندبوونی نیشانەکاندان.

لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپاتیان کردووەتەوە کە لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی بارودۆخی تەندروستی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکەن.

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە، ئەوروپا رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای نائاسایی بووەتەوە، پلەکانی گەرما 40 پلەی سەدییان لە فەرەنسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە تێپەڕاندووە.