بازرگانێکی مەترسیداری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکرا
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی بازرگانێکی مەترسیداری ماددەی هۆشبەر بە 29 کیلۆ ماددەی حەشیش راگەیاند.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر، ئۆپەراسیۆنێکیان کرد کە لە ئەنجامدا بازرگانێکی مەترسیدارییان بە 29 کیلۆ حەشیشەوە دەستگیر کرد، ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بازرگانە ئەزموونی لە گۆڕینی شێوازی قاچاخ هەبووە.
وەزارەتەکە روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە دوای زانیاریی وردی هەواڵگریی بووە، کە مەفرەزەکان ئامرازی تەکنیکی مۆدێرنیان بەکارهێناوە، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکەیان لەکاتێکدا کردووە کە تۆمەتبارەکە بەرەو وەرگرتنی باری ماددە هۆشبەرەکان دەڕۆیشت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەکان ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ بەدواداچوونی تۆڕەکانی بازرگانیکردن و وشککردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکان، بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگا و سەلامەتی هاوڵاتیان بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی فەرمانگەی پزیشکی دادوەری، 239 کیلۆ و 837 گرام ماددەی هۆشبەریان لەناوبردووە.