دەستگیرکراوانی لالەزار مانیان گرت
دەستگیرکراوانی لالەزار بەهۆی بێ هیوابوونیان لە دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بڕیاریانداوە مان لە نان و ئاو بگرن.
سەرچاوەیەک لە کەسوکاری دەستگیرکراوانی لالەزار بە کوردستان24ـی راگەیاند، گیراوانی لالەزار بڕیاریانداوە لە کاتژمێر 2:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی حوزەیرانی 2026، بەهۆی بێ هیوا بوونیان لە دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی و کەمتەرخەم بوونی بەرامبەر بەو سکاڵایەی لەلایەن پارێزەرانیان لە 31ـی ئایارەوە تۆماریان کردووە و بێ وەڵام ماوەتەوە، مان دەگرن.
سەرچاوەکە ئاماژەیدا، مانگێکە تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، سکاڵایان لە دژی دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی تۆمارکردووە، بەڵام تا ئەمڕۆ و بیستنی هەڵوێستی مان گرتن، دادگای تێهەڵچوونەوە ئامادە نەبووە وەڵامی سکاڵاکە بداتەوە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بە تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزاری راگەیاندووە، کە دەست بە رێکارە یاساییەکان دەکەن.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.