پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە قەزای خەبات دەستپێدەکات

ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری قەزای خەبات تەواوکراون و لە چەند رۆژی داهاتوودا هەزاران کەس دەبنە خاوەن زەوی.

کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە کوردستان24 ـی راگەیاند، دوای گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر، ئامادەکارییەکانیان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران تەواو کردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوەکان رادەگەیەندرێن. گوتیشی، دوای وردبینی لە ناوەکان، نزیکەی سێ هەزار پارچە زەوی لە سنووری قەزای خەبات بەشێوەی تیروپشک دابەش دەکرێن و دڵنیایشی دا تەواوی فەرمانبەرانی سنوورەکە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر ئامادەکاری بۆ قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی کردووە و بەمزووانە ناوی ئەو فەرمانبەرانە بڵاودەکرێتەوە کە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەنددەبن.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 35 هەزار پارچە زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر دابەشکراون و نزیکەی 11 هەزار فەرمانبەر ماون زەوییان بەسەردا دابەش بکرێت، زۆرینەی ئەو فەرمانبەرانەشی ماون دەکەونە سنووری قەزاکانی هەریر و کۆیە.

دوای ئەوەی چەندین ساڵ بوو بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران راگیرابوو، لە مانگی ئایاری ساڵی 2024 بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکردەوە و هەر فەرمانبەرێک بە رووبەری 200 مەتر زەوی پێدەدرێت.