بەقایی: گەلی عێراق بە پەرۆشەوە چاوەڕێی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رێبەرن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەڵوێستی عێراق لە ماوەی جەنگدا هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە و هاوسۆز بووە لەگەڵ ئێران، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات زۆر بەهێز و توندوتۆڵن.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بەهێز و پتەون. یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا، تاوتێکردنی رێوشوێنەکانی پەیوەست بە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە."
گوتەبێژەکە باسی لەوەشکرد "گەلی عێراق بە پەرۆشەوە چاوەڕێی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەن و چاوەڕوانی گەیشتنی تەرمەکە دەکەن، بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمەش چەندین پەیام لەخۆدەگرێت، کە گرنگترینیان قووڵی خۆشەویستی و توندوتۆڵی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراقە."
لەبارەی گەرووی هورمز بەقایی جەختی کردەوە، ئێران بە تەواوی ئاگاداری ئەو بەرپرسیارێتییەیە کە لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزدا لەئەستۆی گرتووە، لەم چوارچێوەیەدا پێویستی بە دەستێوەردانی هیچ لایەنێکی دەرەکی نییە.
ئیسماعیل بەقایی لەبارەی دۆخی لوبنان گوتی: هەڵوێستی ئێران روونە و پێویستە ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی بێت و ئیسرائیل ناچار بە راگرتنی پێشێلکارییەکان بکات.