زیرەک کەمال: پێویستە پەرلەمان کارا بکرێتەوە
زیرەک کەمال، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ بە پێویست دەزانێت و داوا دەکات لایەنە سیاسییەکان لە نزیکەوە لەگەڵ یەکتر گفتوگۆبکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، زیرەک كەمال راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە كوردستان24ـی راگەیاند، ئەو دۆخەی ئێستا تێیدا دەژین ترسناكە و مەترسییە بۆسەر هەموو لایەک، بۆ تێپەڕاندنی هەرێمی كوردستان و دەستکەوتەکانی راپەڕین و ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەو مەترسیانە، لەو قۆناخە مەترسیدارە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ حیكمەتی بەیەكەوە كاركردن و دیالۆگی هاوبەش.
زیرەک کەمال، رەخنەی لە حزب و لایەنە سیاسییەکان گرت، کە بۆچی لە نزیکەوە گفتوگۆ ناکەن و لە رێگەی میدیاوە پەیام ئاراستەی یەکتردەکەن و گوتی" ئەوندەی حزب و لایەنە سیاسییەکان لە میدیا یەکتر دەدوێنن، لە نزیکەوە نایکەن، بۆیە پێویستە گفتوگۆكان لە میدیاوە كۆتایی پێبێت و لایەنەكان بەیەكەوە دیالۆگ بكەن، لەسەر بنەمای هاوبەش و نیشتمانی"
دەربارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ زیرەک کەمال، ئاماژەی بەوەدا " پێویستە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکوومەت پێکبهرێت، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکات و رەنگدانەوەی هەڵبژاردن بێت".