دەستەی گەشتوگوزار: بە کوردیکردنی بنکە و پسوولەکان هەنگاوی باشی بڕیوە

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەکات، زۆرینەی ئەو کارمەندانەی لە ناوچە گەشتیارییەکان کاردەکەن ناوخۆیین و هەروەها بەشی زۆری شوێنەکان ناو و تابلۆکانیان بە کوردیکراون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: لیژنەیەکی باڵا هەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری 172ـی ، ئەم بڕیارە تەواوی سێکتەرەکان دەگرێتەوە، هەربۆیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆکەدا جەختکرایەوە، کە دەبێت دەستی کاری ناوخۆیی بەلایەنی کەمەوە لە کەرتی گەشتیاری %75ـی بێت.

گوتیشی: سەرەڕای ئەوەی ئەم بڕیارە لە ساڵی 2022وە، هەر لەو کاتەوە ئەو بڕیارەمان خستە بواری جێبەجێکردنەوە، لە کەرتی گەشتیاری بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی تۆمارکراون لە گەشتوگوزار، زیاتر لە %80ـی کارمەندانی کەرتی گەشتیاری هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانن.

دەربارەی زمانی کوردی لە شوێنە گەشتیارییەکان، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە دا، دەبێ تەواوی بنکە گەشتیارییەکان پابەند بن بە بەکارهێنانی زمانی کوردی و قۆناخێکی زۆر باشمان بڕیوە، لە هەر شوێنێک ناو و تابڵۆکان بە زمانی دیکە نوسرابن، تیمەکانمان راستەوخۆ بەدواداچوونی بۆ دەکەن.

هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، زمانی کوردی لای ئێمە هێڵی سوورە، دەبێ تەواوی بنکە گەشتیارییەکان پابەندی بەکارهێنانی زمانی کوردی بن. هەر شوێنێکی گەشتیاری بزانین کە زمانی کوردی بەکارنەهێناوە لە نووسینی ناوی بازرگانی شوێنەکەیدا، لە پسوڵەی خزمەتگوزارییەکان، رێگەی پێنادرێت.

دەربارەی کارمەندە بیانییەکان کە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکان کاردەکەن، ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: دەمانەوێت میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی خێرا ئاشنا بکرێن بە زمانی کوردی، بۆ ئەوەی فێری زمانی کوردی بکرێن و هەروەها خول و راهێنان بۆ کارمەندانی ناوخۆیی، دەستی کاری ناوخۆیی بکرێتەوە بۆ ئەوەی توانای دەستی کاری ناوخۆیی مان بەرز بکەینەوە بە جۆرێک بێت کە خواستی بازاڕی گەشتیاری پڕ بکاتەوە."

21ـی شوباتی 2023، حکوومەتی هەرێم لە بڕیارێکدا رایگەیاند: پێویستە سەرجەم شوێنە گشتییەکان، نووسینی سەر تابڵۆکانیان بە کوردی بێت و هەموولایەک پابەندی بڕیارەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش 40ڕۆژ مۆڵەت بە خاوەنەکانیان درا، بۆ ئەوەی پابەندی بڕیارەکە بن.