سەرۆک ئەرکانی پێشووتری ئیسرائیل دەیەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتی ناتانیاهۆ بهێنێت

سەرۆک ئەرکانی پێشووتری سوپای ئیسرائیل، بە فەرمی کەمپەینی هەڵبژاردنی خۆی راگەیاند و ئامانجی سەرەکیشی جێگرتنەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئیسرائیلە.

گادی ئایزنکۆت، سەرۆک ئەرکانی پێشووتری سوپای ئیسرائیل، لە یەکەمین کۆبوونەوەی هەڵبژاردنیدا وتارێکی توندی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "ئیسرائیل شایستەی ئەوەیە لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی خۆیدا هەڵبداتەوە و ئێمە پێکەوە ئەو لاپەڕەیە دەنووسینەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی پێویستی بە سەرکردایەتییەکی سەهیۆنی، دەستپاک و رێزدار هەیە.

گادی ئایزنکۆت جەختی لە پێویستی گۆڕینی حکوومەت کردەوە و گوتی: "لەپێناو داهاتووی ئیسرائیلدا، دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە تەمەنی ئەم حکوومەتەی بە حکوومەتی 7ـی ئۆکتۆبەر دەناسرێت، لە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوودا کۆتایی پێ دێت."

گادی ئایزنکۆت لە سێپتێمبەری 2023دا پارتی یەشار (بە واتای راست و دروست)ی دامەزراند. لە سەرەتای جەنگی غەززەوە ئەندامی ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیل بوو، بەڵام لە حوزەیرانی 2024دا، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ لە بەڕێوەبردنی جەنگەکەدا، دەستی لەکار کێشایەوە.

بەگوێرەی نوێترین راپرسی کە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ئەنجامی داوە، پارتی یەشار بە سەرۆکایەتی ئایزنکۆت کێبڕکێیەکی بەهێز دەکات و پێشبینی دەکرێت 22 کورسی لە کۆی 120 کورسی پەرلەمان کنێسێت بەدەستبهێنێت، بەوەش دەبێتە دووەم هێز لە دوای پارتی لیکۆدی ناتانیاهۆ کە پێشبینی 24کورسی بۆ دەکرێت.

ئایزنکۆت بەڕەچەڵەک مەغریبییە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2022 لەگەڵ بێنی گانتز هاتە ناو کایەی سیاسییەوە و ئێستا وەک یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران سەیر دەکرێت.