لە ئیسپانیا زیاتر لە هەزار کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا

پەیمانگای تەندروستیی کارلۆسی سێیەم لە مەدرید، لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا، ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە و ئاشکرای کرد، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا  1028 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە ئیسپانیا تۆمارکراون کە پەیوەندییان بەو شەپۆلە توندەی گەرماوە هەیە کە ئێستا ئەوروپای گرتووەتەوە.

بەگوێرەی داتاکانی پەیمانگاکە، ئەم ئامارە نوێیەی گیانلەدەستدان بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2025، بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە؛ لە کاتێکدا لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا 407 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە تۆمارکرابوو.

لای خۆشیانەوە، دەستەی نیشتمانیی کەشناسیی ئیسپانیا رایگەیاندووە، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە گەرمترین مانگ لە مێژووی تۆمارە کەشناسییەکانی ئەو وڵاتەدا دادەنرێت لەو کاتەوەی دەست بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان کراوە.

رۆژی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمای ئەوروپای گرتووەتەوە، لە ماوەی کەمتر لە دە رۆژدا زیاتر لە 1300 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ بەڕێوەبەری رێکخراوەکەش هۆشداری دەدات کە ئەوروپا پلەی گەرما بە خێرایی تێیدا بەرز دەبێتەوە و ژێرخانی وڵاتەکانی بۆ ئەم پلە بەرزانەی گەرما گونجاو نین.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای کرد، لە 21ـی حوزەیرانەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 1300 حاڵەتی گیانلەدەستدانی نائاسایی لە وڵاتانی ئەوروپا تۆمارکراون کە راستەوخۆ پەیوەندییان بەو شەپۆلە گەرما توندەوە هەبووە کە زۆربەی کیشوەرەکەی گرتووەتەوە.

تەنیا لە فەرەنسا، بەرپرسانی تەندروستی ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە، نزیکەی 1000 کەس زیاتر لە ئاستی ئاسایی گیانیان لەدەستداوە. تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) گەرمای بە "بکوژی بێدەنگ" ناوبرد و گوتی: "خانوو، شوێنی کار و قوتابخانەکانی ئەوروپا بۆ بەرگەی ئەم پلە بەرزانەی گەرما دروست نەکراون."

بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، رۆژی یەکشەممە نزیکەی 191 ملیۆن کەس لە ئەوروپا لەژێر پلەی گەرمی 35 یان بەرزتردان، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەڵمانیا، چیک، پۆڵەندا و هەنگاریا. هەروەها تێکڕا 381 ملیۆن کەس لە کیشوەرەکەدا رووبەڕووی پلەی گەرمی سەرووی 30 بوونەتەوە.

بەڕێوەبەری تەندروستیی جیهانی جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی، ئەو شەپۆلانەی پێشتر بۆ هەر جیلێک جارێک روویان دەدا، ئێستا بوونەتە دیاردەیەکی ساڵانە. ئاماژەی بەوەش دا ئەوروپا پلەی گەرما بە خێرایی تێیدا بەرز دەبێتەوە و ئاستی گەرمبوونەکەی دوو هێندەی تێکڕای گەرمبوونی جیهانە."