زیاتر لە 55%ـی کارەکانی پڕۆژەی رێگای کۆڕێ - قەندیل تەواو بووە

کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی رێگای کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل بەردەوامە، کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەستنەوەی ناوچە بازرگانییەکان و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی شۆفێران. پڕۆژەکە زیاتر لە 55%ـی کارەکانی تەواو بووە و بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا بە رووی شۆفێراندا بکرێتەوە.

ستراتیژیەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە، گرنگیدان بووە بە کەرتی رێگاوبان و گەیاندنی بە ئاستێکی نێودەوڵەتی، بە جۆرێک سەرجەم رێگا سەرەکی و بازرگانییەکان بە یەکەوە ببەستێتەوە. پڕۆژەی رێگای کۆڕێ - قەندیل یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە رێگایەکی سەرەکی بازرگانی دەبەستێتەوە بە پارێزگای هەولێرەوە.

تیمەکانی کارکردن بە دوو شیفت و بە شێوەیەکی بەردەوام سەرقاڵی بڕین، کۆنکریت و قیڕتاوکردنی پڕۆژەکەن. سایدێکی تەواوی پڕۆژەکە کە دەکاتە 55%ـی کۆی رێگەکە، بە تەواوی کۆتایی هاتووە.

حەیدەر عەلی، ئەندازیاری تەکنیکی لە پڕۆژەکەدا دەڵێت: "رێگەکە لە سێ چینی قیڕ پێکدێت؛ ستابلایزەر 10 سانتیمە، بایندەر 8 سانتیمە و وێرینگ 6 سانتیمە. لە هەردوو چینی بایندەر و وێرینگدا ماددەی پۆلیمەر بەکارهاتووە کە تەمەنی رێگەکە درێژ دەکاتەوە. هەروەها شاخەکانمان کردووە بە 'ساید سلۆپ' بۆ ئەوەی لە کاتی بارانباریندا رەزە و خۆڵ نەیێتە سەر جادەکە و نەبێتە بەربەست لەبەردەم شۆفێران."

ئەم پڕۆژەیە بە هێزی کاری خۆماڵی جێبەجێ دەکرێت و هەلی کاری بۆ زیاتر لە 250 کەس رەخساندووە. لە رووی سەلامەتی پیشەییشەوە، تەواوی مەرجە نێودەوڵەتییەکان تێیدا رەچاو کراوە.

ئەحمەد حەمید، سەرپەرشتیاری سەلامەتی پیشەیی لە پڕۆژەکە ئاماژە بەوە دەکات: "ئامانجی سەرەکی ئێمە پاراستنی گیانی کارمەند و ئەندازیارانە، بۆ ئەوەی وەک چۆن بە سەلامەتی دێنە سەر کار، بەو شێوەیەش بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان. باوەڕمان وایە سەلامەتی تێچوو نییە، بەڵکو وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانە."

پڕۆژەکە درێژییەکەی 10 کیلۆمەترە و بە شێوازی رێگەی خێرایی دوو ساید دروست دەکرێت. جگە لە رێگەکە، پڕۆژەکە پێکهاتووە لە تونێلەکانی میراوە و ماوەران، لەگەڵ سێ ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس کە بە مەرجی ستانداردی ئەندازیاری دروست کراون.

هەڵگورد وەلی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی هەولێر رایگەیاند: "هەوڵدەدەین لە ماوەی 2 مانگی داهاتوودا کارەکانی پڕۆژەکە بە تەواوی کۆتایی بێت. ئەوەی لەم پڕۆژەیەدا زیادکراوە، دروستکردنی چەند راوندەباوتێک (سوڕانەوە) و درێژکردنەوەی تونێلەکان و زیادکردنی ئەندەرپاسێکە لە میراوە، کە هەمووی لە پێناو سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییانە."

بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، رێگەی نێوان هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 15 بۆ 20 خولەک کورت دەبێتەوە، هاوکات جەنجاڵی ناو شارۆچکەی شەقڵاوەش کە ساڵانە لە وەرزەکانی گەشتیاریدا دروست دەبێت، بە تەواوی نامێنێت.