فیدان: ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا ئامانجی ستراتیژیمانە
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بە ئەندامبوونی وڵاتەکەی لەو یەکێتییە ئامانجێکی ستراتیژییە و داوای مامەڵەیەکی بێ جیاکاریی لێ کردن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە ئەنقەرە؛ رایگەیاند، پڕۆسەی ئەندامێتیی وڵاتەکەی لە یەکێتییەکەدا وەک ئامانجێکی ستراتیژی دەمێنێتەوە و ئەنقەرە ئامادەیە لەو چوارچێوەیەدا پەیوەندییەکانی پەرە پێ بدات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ کایا کالاس، مارتا کۆس و ماگنوس برونەر بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەوروپا کۆمەڵێک بابەتی گرنگیان تاوتوێ کردووە، لەوانە سیاسەتی دەرەوە، بازرگانی، پرسی کۆچبەران و ئاسانکارییەکانی پێدانی ڤیزا. هەروەها پێکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ پێشهاتە هەرێمی و جیهانییەکان کردووە، بەتایبەتی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا و دۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
فیدان جەختی لەوە کردەوە، تورکیا چاوەڕوانە یەکێتیی ئەوروپا لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئەندامێتیی وڵاتەکەی پێوەرە بابەتییەکان و بنەمای لێهاتوویی پەیڕەو بکات و دوور بکەوێتەوە لە هەر جۆرە جیاکارییەک. گوتیشی، "ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەنقەرە ئامانجێکی ستراتیژییە".
مێژووی هەوڵەکانی تورکیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ چەندین دەیە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ئەنقەرە لە ساڵی 1987 بە فەرمی داواکاریی پێشکەش کرد و لە ساڵی 1999 وەکو وڵاتی کاندید ناسێندرا.
دواتر لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2005 بە فەرمی دانوستانەکانی ئەندامبوون دەستیان پێ کرد. بەڵام پڕۆسەکە بەهۆی چەندین کێشەی سیاسی، پرسی قوبرس و نیگەرانییەکانی ئەوروپا لە پاشەکشەی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا، بەتایبەتی دوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016، بەتەواوی سستیی تێ کەوت و هەڵپەسێردرا.
سەرەڕای ئەوەی پڕۆسەکە بۆ ماوەیەکی زۆر وەستاوە، بەڵام بەرپرسانی تورکیا بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2023ـەوە جارێکی دیکە هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ بووژاندنەوەی پەیوەندییەکان و داوای نوێکردنەوەی رێککەوتنی گومرگی و ئاسانکاریی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانیان دەکەن.