ئەڵمانیا دەیەوێت چەک و سیستەمی بەرگریی ئەمریکی لەسەر خاکەکەی بەرهەم بهێنێت

مارک رووتە: رووسیا وەک هەڕەشەیەکی درێژخایەن بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا دەمێنێتەوە

حکوومەتی ئەڵمانیا پلانێکی نوێی بۆ گەشەپێدانی چەک راگەیاند، کە تێیدا دەیەوێت بەشێک لە چەک و سیستەمی بەرگریی ئەمریکی بخاتە ژێر هێڵی بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە.

چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە وڵاتەکەی دەیەوێت بڕێکی زیاتر لەو چەکە ئەمریکییانەی کە سوپاکەی پێویستی پێیەتی، لەسەر خاکی خۆی بەرهەم بهێنێت؛ ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدایە بۆ گەشەپێدانی هاوکاریی پیشەسازیی سەربازیی نێوان بەرلین و واشنتن.

هاوکات باسی لەوە کرد، دەزانین کە تواناکانی ئەمریکا لە بەرهەمهێنانی چەک سنووردارن و پێویستە زیاد بکرێن. دەشڵێت: "ئێمە ئارەزووی ئەوە دەکەین کە سیستمگەلێکی دیاریکراوی چەک، یان لانی کەم پێکهاتەکانی ئەو سیستمە لێرە لە ئەڵمانیا بەرهەم بهێنین."

بەهۆی زۆربوونی قەیران و شەڕەکان لە جیهاندا، خواست لەسەر هەندێک کەرەستەی سەربازیی ئەمریکی بەتایبەتی مووشەک و سیستمە بەرگرییەکانی وەک "پاتریۆت" بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆگاکانی ئەم چەکانە کە بە بڕێکی زۆر لە ئۆکرانیا و شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکارهێنراون، ئێستا سنووردارن.

هەروەها ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپیی ئەندام لە ناتۆ، هەوڵ دەدەن ململانێ لەگەڵ کاتدا بکەن بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی سەربازیی خۆیان، بە تایبەت کاتێک ترەمپ بە بەردەوامی هەڕەشەی کەمکردنەوەی پابەندبوونەکانی بەرامبەر بە هاوبەشە ئەوروپییەکانی دەکات و پلانی هەیە بۆ کەمکردنەوەی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە کیشوەری ئەوروپادا.

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گوتی: "هیچ کەسێک لە رێگەی داواکردنی سەربەخۆیی زیاترەوە نایەوێت دەستبەرداری سیستمە ئەمریکییەکان بێت."

لای خۆیەوە، مارک رووتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ پێشوازی لە هەوڵەکانی ئەڵمانیا کرد بۆ بەهێزکردنی سوپاکەی و دووپاتی کردەوە،  لووتکەی داهاتووی هاوپەیمانێتییەکە بە تایبەتی تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتیی "بەهێزکردنی بەرچاوی پیشەسازیی بەرگریمان."

مارک ڕووتە جەختی لەوەش کردەوە، تەنانەت ئەگەر جەنگی ئۆکرانیاش کۆتایی بێت، "رووسیا وەک هەڕەشەیەکی درێژخایەن بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا دەمێنێتەوە."

 ئەمەش لە کاتێكدایە، بڕیارە رۆژانی 7 و 8 ئەم مانگە، لوتکەی ناتۆ لە تورکیا بەڕێوەبچێت، بەهێزکردنی سوپا ئەوروپییەکان تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی لوتکەکە دەبێت، بە تایبەت لە کاتێکدا کە ئەوروپییەکان لەژێر فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادان بۆ ئەوەی هەوڵی زیاتر بدەن لەپێناو بەهێزکردنی ئاسایشی خۆیان و خەرجییە بەرگرییەکانیان زیاد بکەن.