تاران و واشنتن کەناڵێکی پەیوەندیی بۆ جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن دەکەنەوە

ئێران رێککەوتنی لایەنەکانی لەسەر دامەزراندنی کەناڵێکی پەیوەندیی بە پەلە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتۆن راگەیاند، بە تایبەت لەسەر دۆسیەی ئازادکردنی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکان.

چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانی لەگەڵ شاندەکانی قەتەر و پاکستان لە دەوحە راگەیاند.

هاوكات جەختی لەسەر بەستنی یەکەمین کۆبوونەوەی تیمی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە کردەوە کە تێیدا چەند دۆسیەیەکی پەیوەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە تاوتوێ کراون، لەوانەش پابەندبوونەکانی ئەمریکا، گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و میکانیزمی بەکارهێنانی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە لایەنی ئێرانی لە کۆبوونەوەکەدا، ئەمریکای بە پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی نێوانیان تایبەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان وەسف کردووە.

غەریب ئابادی زانیاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شاندەکانی قەتەر و پاکستان، گفتوگۆ لەبارەی ئەو راپۆرتانە کرا کە باس لە زیادکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و هەڕەشەکانی واشنتن دەکەن."

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەسەر دروستکردنی کەناڵێکی پەیوەندیی بە پەلە بۆ تیمی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتەکە رێککەوتوون، کە بڕیارە لە سبەینێوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

غەریب ئابادی ئەوەشی روون کردەوە، کە لەگەڵ بەرپرسانی قەتەریدا پرسی چۆنیەتیی خەرجکردنی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێرانیان تاوتوێ کردووە کە بڕەکەی شەش ملیار دۆلارە؛ تێیدا بڕیار دراوە کە بەشێک لەو پارەیە بۆ کڕینی کاڵا بەپێی پێداویستییەکانی ئێران بەکاربهێنرێت