سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە حەمە زیرەک دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قسەی لەگەڵ هونەرمەند حەمە زیرەک کرد و سەرەخۆشیی کۆچی دوایی هاوسەرەکەی لێکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە، سەرەخۆشی لە هونەرمەندی میللی، حەمە زیرەک کرد، بەهۆی کۆچی دوایی هاوسەرەکەیەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ هونەرمەند حەمە زیرەک و بنەماڵەکەی دەربڕی و هیوای خواست ئەمە دوا کۆست و ناخۆشییان بێت.

ئێوارەی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی رابردوو، هاوسەری هونەرمەند حەمە زیرەک لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری هەولێر و لە کاتی ئامادەکردنی خواردندا، تووشی رووداوێکی نەخوازراوی سووتان بوو؛ بەڵام سەرەڕای گەیاندنی بە پەلەی بۆ نەخۆشخانە و پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانی جەستەیەوە، دوای تێپەڕبوونی 24 کاتژمێر بەسەر رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا.

هونەرمەند حەمە زیرەک چەند ساڵێکە ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و باوکی دوو منداڵە بە ناوەکانی هەولێر و مەلەک.