پسپۆڕان: یاسای "چوارچێوەی چارەسەری" پرسی کورد فەرامۆش دەکات
لەکاتێکدا پەرلەمانی تورکیا پشووی فەرمی خۆی دواخستووە، مشتومڕەکان لەسەر "یاسای چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری" گەرمتر بوون. دەم پارتی فشار دەکات بۆ دەرکردنی یاساکە، بەڵام یاساناسان و چاودێران دەڵێن یاساکە زیاتر رەهەندی ئەمنی هەیە و پرسی کورد وەک کێشەی زمان و ناسنامە فەرامۆش دەکات.
بەپێی سالنامەی فەرمی تورکیا، دەبوو لە 1ی تەممووز پەرلەمان بچێتە پشووەوە، بەڵام دواخستنی پشووەکە وەک ئامادەکاری بۆ یاسای چوارچێوە لێکدەدرێتەوە. ئەم یاسایە زیاتر لەسەر گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە چڕبووەتەوە.
سەدات یورداش, یاساناس، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: "وا دیارە دەسەڵات و ئەردۆغان دەیانەوێت هەنگاوەکان دوا بخەن. نایانەوێت هەنگاوی بەرچاو بنێن، بەڵکو دەیانەوێت هەنگاوی بچووک و درەنگ بنێن کە ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەیە. لە هەموو نمونەکانی جیهاندا، پرۆسەکان بە هەنگاوی یاسایی خێرا پێش کەوتوون و نابێت پەرلەمان لەمەدا درەنگ بکەوێت."
لە لایەکی دیکەوە، چاودێران هۆشداری دەدەن کە حکوومەت دەیەوێت پرسی کورد تەنیا لە "دانانی چەک"دا کورت بکاتەوە و وەک پرسێکی تەناهی نیشانی بدات.
عەبدولحەی ئۆکوموش، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی دیموکرات و شۆڕشگێڕانی کورد، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو یاسای چوارچێوەیەی باس دەکرێت، نزیکەی 6 بۆ 7 خاڵ لەخۆ دەگرێت کە تەنیا باس لە گەڕانەوە و دادگاییکردنی ئەندامانی پەکەکە دەکات. ئەم یاسایە هیچ باسێکی مافە نەتەوەیی و بەکۆمەڵەکانی کوردی تێدا نییە. دەسەڵات لە سەرەتاوە چۆن نەخشەی کێشاوە هەروا دەڕوات؛ ئەوان دەیانەوێت تەنیا 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' دروست بکەن و پرۆسەکە بەپێی دیدگای خۆیان بەڕێوە دەبەن."
چاودێران و یاساناسان جەخت دەکەنەوە، ئەگەر پرسی کورد لە چوارچێوەی زمان و ناسنامەدا چارەسەر نەکرێت، لە داهاتوودا کێشەی نوێ و ئاڵۆزتر سەرهەڵدەدەنەوە و پرۆسەکە بە بنبەست دەگات.