رەحمان غەریب: شاسوار و حزبەکەی بەرپرسیارن لە دەرئەنجامەکانی رێککەوتن

رێکخەری سەنتەری میترۆ، بە توندی هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و، بە پەیڕەوکردنی "ئیرهابی فیکری" و بەکارهێنانی زمانی فاشیستی دژی نووسەران و رۆشنبیران ناوی دەبات.

پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، لە نووسینێکدا لەژێر ناونیشانی "لەسەرخۆ کاک شاسوار" ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ مافی خۆیەتی واژۆ لەسەر هەر رێککەوتنامەیەک بکات (تەنانەت ئەگەر لاپەڕەیەکی سپیش بێت) و خۆی و حزبەکەی بەرپرسیارن لە دەرئەنجامەکانی؛ بەڵام هاوکات جەختی کردووەتەوە کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، چ ئەندامی نەوەی نوێ بن یان هەر لایەنێکی دیکە، بە تەواوی ئازادن لەوەی چۆن سەیری ئەو رێککەوتنە دەکەن و پشتگیری دەکەن یان دژایەتی دەکەن.

رێکخەری سەنتەری میترۆ بە توندی دژی شێوازی مامەڵەکردنی سەرۆکی نەوەی نوێ وەستایەوە و رایگەیاند: "سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆی نییە، بەڵکو دەبێت کەمێک شەرم بکات کە لە ئێستاوە لە رێگەی ئیرهابی فکری و بەکارهێنانی ئەو دەستەواژانەی کە سەرکردە فاشیستەکان نەیارەکانیانی پێ تۆمەتبار دەکرد، تۆمەت بەسەر نووسەران و رۆشنبیراندا دابەش بکات."

هەروەها رەحمان غەریب ئاماژەی بە لێدوانەکانی پێشووی شاسوار عەبدولواحید کرد لەبارەی نەیارەکانی لە بەردەرکی سەرای سلێمانی و دەڵێت: بۆ کەسێک کە پێشتر خەیاڵی هەڵواسینی نەیارەکانی لە سەرادا هەبووبێت، سەیر نییە بەم زمانە توندە لەگەڵ نەیارانی رێککەوتنەکەی بدوێت.

هەروەها بە تەنزەوە هێمای بۆ ئەوەش کرد کە شاسوار عەبدولواحید لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا خەونی بە رۆحی شۆڕشگێڕیی کەسایەتییەکانی وەک ماندێلا و ئۆجەلانەوە بینیوە و، جەختی کردەوە کە خەڵکی کوردستان ئازادن لە لێکدانەوەی ئەم خەونانە بە پێی واقیعی ناوخۆیی خۆیان، نەک بەپێی تێڕوانینی بیانی.