تەرمی خامنەیی گەیشتە تاران و ئامادەکاری بۆ رێوڕەسمێکی جەماوەریی بەرفراوان دەکرێت

تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران گەیەندرایە موسەڵای گەورەی تاران و بڕیارە رۆژی شەممە بە بەشداریی ملیۆنان کەس و ژمارەیەک لە سەرکردە و کەسایەتییە بیانییەکان، رێوڕەسمی فەرمی بەخاکسپاردنی بەڕێوەبچێت. ئەمەش دوای ئەوەی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژرا کە ناوچەکەی بەرەو جەنگێکی گەورە برد.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران، تەرمی عەلی خامنەیی رۆژێک پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمی ماڵئاوایی کە 6 رۆژ دەخایەنێت، گەیشتووەتە "مزگەوتی ئیمام خومەینی". وێنە بڵاوکراوەکان نیشانی دەدەن کە دارە مەیتەکەی بە ئاڵای ئێران داپۆشراوە و لە لایەن ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانیەوە کە جلی رەشیان پۆشیوە، بەرەو ناو مزگەوتەکە دەبرێت.

هاوکات، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانکاری ئەو وڵاتە، داوای لە خەڵکی ئێران کردووە بەشدارییەکی ملیۆنی بکەن و رایگەیاندووە، "پێویستە دەنگی نەتەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە گوێی هەموو جیهاندا دەنگ بداتەوە".

هەروەها بڕیارە لە عێراقیش پێشوازی لە تەرمی عەلی خامنەیی بکرێت و زیارەتی نەجەف و کەربەلای پیبکرێت بە بەشداریی کەسایەتی سیاسی و ئایینی عێراق.

لەلایەکی دیکەوە، وڵاتی پاکستان کە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان تاران و واشنتن رۆڵ دەگێڕێت، رایگەیاندووە کە شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بەشداری رێوڕەسمەکە دەکات. هەروەها وڵاتانی چین، ئەفغانستان و دراوسێکانی ئێران لە ناوچەی قەوقاز ئاماژەیان بەوە کردووە کە نوێنەری تایبەتی خۆیان دەنێرن بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکەدا.

ئەم ئامادەکارییانە بۆ رێوڕەسمی بەخاکسپاردن لە کاتێکدایە، کە ئێران و ئەمریکا دوای واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی، پابەندیی خۆیان بە راگرتنی شەڕ راگەیاندووە.

 بڕیارە تەرمەکەی عەلی خامنەیی بۆ ماوەی 3 رۆژ لە مزگەوتی تاران بمێنێتەوە و دواتر رێوڕەسمی کۆتایی بە خاکسپاردنی بۆ ئەنجام بدرێت.

عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە ساڵی 1939 لە مەشهەد لەدایک بووە و لە ساڵی 1989 بووە بە رابەری ئێران،لە تەمەنی 86 ساڵی، لە ئەنجامی بۆردومانێکی چڕ بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناوەڕاستی تاران لە رۆژی 28ی شوباتی 2026 کوژرا، کە دواتر موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک جێگرەوەی ئەو هەڵبژێردرا.