نێچیرڤان بارزانی و عێراقچی جەخت لە پەرەپێدانی هەماهەنگیی هاوبەش دەکەنەوە

نێچیرڤان بارزانی و عەباس عێراقچی لە تاران کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هەماهەنگیی هەمەلایەنە کردەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 3ـی تەمموزی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانيان لەگەڵ ئێراندا تاوتوێ کرد و ده‌رباره‌ى پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش بيروڕايان گۆڕییەوە، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر راوه‌ستانى شه‌ڕ و دوایین پێشهاتەكانى ناوچه‌كه‌.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هاوکات رایگەیاندووە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هەماهەنگیی هەمەلایەنە کردەوە، بە شێوه‌يه‌ك کە خزمەت بە پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە بکات.

بە مەبەستی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی کۆماری ئێران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تارانی پایتەختی ئێرانە.