سێبور مەنتک: رەیان کلدانی ئەندازیاری رێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێیە

بەرپرسی پێشووی نووسینگەی هەولێری جووڵانەوەی نەوەی نوێ، رەخنەی توند ئاڕاستەی سەرکردایەتیی جووڵانەوەکە دەکات و رایدەگەیەنێت، شاسوار عەبدولواحید دەنگی دەنگدەران و کورسییەکانی نەوەی نوێی بۆ بەرژەوەندیی کەسی و داخستنی دۆسیە یاساییەکانی بە یەکێتی فرۆشتووە.

هەینی، 3ـی تەممووزی 2026، سێبور مەنتک، بەرپرسی پێشووی نووسینگەی هەولێری جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی و زۆرینەی کادیرانی نەوەی نوێی لە سەرانسەری کوردستان ئاشکرا کرد.

سێبور مەنتک رایگەیاند: هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ بەڵێنەکانیدا راستگۆ نەبووە، بەڵکو تەواوی جووڵانەوەکە، دەنگی دەنگدەران و کورسییەکانی پەرلەمانی نەوەی نوێی بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان فرۆشتووە.

هاوکات ئاشکرای کرد، رێککەوتنی نێوان نەوەی نوێ و یەکێتی لە زینداندا کراوە و ئەندازیاری پشت ئەم رێککەوتنەش رەیان کلدانی بووە.

بە گوتەی ئەو، لە ماوەکانی رابردوودا ڕەیان کلدانی لە بەغدا لەگەڵ سروە عەبدولواحید، خوشکی شاسوار کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر ئەو رێککەوتنە کردووە؛ تەوەری سەرەکیی رێککەوتنەکەش بریتی بووە لەوەی کە لە بەرامبەر داخستنی دۆسیە یاساییەکانی شاسوار عەبدولواحید لە دادگا، 15 کورسییەکەی نەوەی نوێ بدرێت بە یەکێتی.

پەیوەست بە کاتی زیندانیکردنی شاسوار عەبدولواحید، بەرپرسی پێشووی نووسینگەی هەولێری جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوە کرد، لەو کاتەدا سروە عەبدولواحید پەیوەندی پێوە کردووە و پێی راگەیاندووە کە شەڕی ئەوان لەگەڵ یەکێتییە و گوتوویەتی: "بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، شاسوار بە ناهەق خراوەتە زیندان." هەروەها داوای لێکردووە لە میدیاکانەوە هێرش بکاتە سەر بافڵ تاڵەبانی و رایبگەیەنێت کە وەک مافیا بڕیار دەدات و دەستی بەسەر هەموو ئازادییەکانی سلێمانیدا گرتووە.

بەرپرسی پێشووی نووسینگەی هەولێری نەوەی نوێ باسی لەوەش کرد، نیگەرانیی ئەو، دەنگدەران و کادیرانی جووڵانەوەکە لەسەر ئەوە بووە کە نەدەبوو شاسوار عەبدولواحید لە زیندانەوە بۆ پاراستنی پڕۆژە کەسییەکانی و بێدەنگکردنی خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند ئەو رێککەوتنە لەگەڵ یەکێتی واژۆ بکات.

جەختی لەوە کردەوە، ئەو رێککەوتنەی ناویان ناوە "رێککەوتنی بووژانەوە"، لە راستیدا تەنیا بۆ بووژانەوەی پڕۆژەکان، دەستکەوتە کەسییەکان، پشکەکان و گیرفانی شاسوار عەبدولواحیدە و مەبەست لێی دەوڵەمەندکردنی خۆیەتی. هەروەها هاوئاهەنگییەکە بەشێکی پەیوەندی بە بێدەنگکردنی خاوەن پشکەکانی چاڤیلاندەوە هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، سێبور مەنتک سەرنجی بۆ گۆڕانی هەڵوێستی شاسوار عەبدولواحید راکێشا و گوتی: "شاسوار دەیان جار لە کۆبوونەوە و سیمینارەکاندا دەیگوت کوڕەکانی مام جەلال هەڵدەواسم، بەڵام ئێستا بووەتە گوتەبێژی بافڵ تاڵەبانی." 

ئەو پێی وایە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هاووڵاتییان متمانە بە نەوەی نوێ ناکەنەوە و دەنگیان پێ نادەن، چونکە شاسوار ئیدی ناتوانێت بە قسەکانی دەنگدەران هەڵبخەڵەتێنێت. 

بە بڕوای سێبور مەنتک، ژیانی سیاسیی شاسوار عەبدولواحید کۆتایی پێهات و گڵۆپی جووڵانەوەی نەوەی نوێ کوژایەوە.

سێبور مەنتک جەختی لەوە کردەوە، لەم رێککەوتنەدا، نە ئەنجوومەنی باڵا، نە ئەنجوومەنی سیاسی و نە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، کەسیان ئاگادار نەکراونەتەوە و پرسیان پێ نەکراوە و لەگەڵ رێککەوتنەکەشدا نەبوونە، بەڵکوو تەنیا شاسوار عەبدولواحید و سروەی خوشکی بە شێوەیەکی تاکلایەنانە بڕیاریان لەسەر داوە.