سەدر پشتیوانیی لە هەوڵەکانی زەیدی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکات

رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەڵمەتەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دژی گەندەڵی راگەیاند و، هاوکات داوای لە لایەنگرانی کرد بۆ پاراستنی ئەم هەنگاوانە گردبوونەوەی ئاشتییانە بکەن.

هەینی، 3ـی تەممووزی 2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە کرد، پشتگیری لە هەڵمەتە چاکسازییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکەین.

لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد، "ئێمە هەمیشە داوای چاکسازیمان کردووە، هیچ شتێک لەگەڵ گەندەڵکاراندا کۆمان ناکاتەوە، ئێوە لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵمدا بوون، کەواتە با بەردەوام بین لە سەر ڕێگەکەمان بۆ پشتگیریکردنی چاکسازی و هەڵمەتە نوێیەکە کە ڕووناکییەکەی لە کایەکانی عێراقی خۆشەویستماندا دەستیپێکردووە."

گوتیشی: "گردبوونەوەیەکی ئاشتییانە رێکبخەن کە پشتیوانی لە چاکسازی و سەرۆکوەزیرانی عێراق بکات، بۆ ئەوەی هێز بە ئیرادەی ئەو ببەخشین و ئیرادەی گەندەڵکاران تێکبشکێنین کە هەوڵ دەدەن فشار بخەنە سەری و پاشەکشەی پێبکەن لەو هەڵکوتانە دلێرانە و بەرهەمدارانەی کە زۆرێک لە لایەنەکانی ناوخۆ و دەرەوەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە."

سەدر سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە پشتیوانییان لە زەیدی کردووە، لەوانە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هێزە ئەمنییە قارەمانەکان.

 ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو لە گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ کردووە و کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری لێ کەوتووەتەوە.