عێراق داوای دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی پۆرتوگال لە بەغدا دەکات
وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری دەوڵەت و کاروباری دەرەوەی پۆرتوگال لە لیشبۆنە، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی پێشکەش بە هاوتاکەی کرد بۆ سەردانیکردنی بەغدا و جەختی لە گرنگیی دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی پۆرتوگال لە عێراق کردەوە.
هەینی، 3ـی تەممووزی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە لیشبۆنەی پایتەختی پۆرتوگال، لەگەڵ پاولۆ رانجیڵ، وەزیری دەوڵەت و کاروباری دەرەوەی پۆرتوگال کۆبووەوە.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، لە میانەی دیدارەکەدا پەرۆشیی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پۆرتوگال دووپات کردەوە، جەختیشی لەسەر گرنگیی دەستپێکردنەوەی گەڕەکانی راوێژکاریی سیاسی لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵاتدا کردەوە.
هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بە گرنگیی دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی پۆرتوگال لە بەغدا کرد و، بانگهێشتی هاوتاکەی کرد بۆ سەردانیکردنی عێراق کە ئەمەش دەبێتە هۆی فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی دوولایەنە و بەهێزکردنی هاوبەشی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا دەرفەتەکانی گەشەپێدانی هاوکارییان لە بوارەکانی ئابووری، وزەی نوێبووەوە، سەرچاوەکانی ئاو، پەروەردە، توێژینەوەی زانستی و کولتوور تاوتوێ کردووە، جیا لە ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی سەردانە فەرمییەکان و تەواوکردنی لێکگەیشتن و رێککەوتنە دوولایەنەکان کە لە قۆناخی ئامادەکردندان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەسەر دیارترین پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕ کرا، کە تێیدا فوئاد حوسێن هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی بۆ پشت بەستن بە گفتوگۆ و رێگا ئاشتییانەکان لە چارەکردنی قەیرانەکاندا دووپات کردەوە، بە جۆرێک کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزێت و ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا گەرەنتی بکات.
هاوکات باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاسۆکانی هاوکاری لەگەڵ یەکێتيی ئەوروپا و ناتۆ کرد.
کۆبوونەوەکە بەوە کۆتایی هات کە هەردوولا باسیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان عێراق و پۆرتوگال لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا کرد، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی کاندیدکردنی یەکدی و هاوکاری لەو پرسانەی کە جێی بایەخی هاوبەشن، بە شێوەیەک کە خزمەت بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی هاوبەشیی دوولایەنە بکات.