ناتانیاهۆ بۆ هێرشکردن چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ترەمپ دەکات

سەرەڕای کەمبوونەوەی هێرش و پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان دوای واژۆکردنی رێککەوتنی چوارچێوە لە واشنتن، بەڵام ئیسرائیل هێشتا ناوبەناو هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدات. لە نوێترین پێشهاتدا، میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، بنیامین ناتانیاهۆ پلانێکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بنکەیەکی گرنگی حزبوڵڵا هەیە.

بەگوێرەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، ناتانیاهۆ چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر بنکەیەکی حزبوڵڵا، لە ناو شاخەکانی ناوچەی عەلی تاهیر هەڵکەنراوە. بەڵام ترەمپ داوای لە ناتانیاهۆ کردووە ئەم کارە دوا بخات، چونکە ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی بەردەوامە.

سوپای ئیسرائیل مەزندە دەکات، لە نێوان 30 بۆ 40 چەکداری یەکەی بەدری سەر بە حزبوڵڵا، کە چەند فەرماندەیەکیان تێدایە، لە ناو ئەو بنکەیەدا گیریان خواردووە.

ئەم ناوچەیە دەکەوێتە باکووری رووباری لیتانی و نزیک شاری نەبەتییە، یەکێکە لە بەرزاییە هەرە ستراتیژییەکانی باشووری لوبنان. بەهۆی بەرزییەکەیەوە، دەڕوانێت بەسەر ناوچەیەکی فراواندا و وەک خاڵێکی چاودێریی سەربازیی گرنگ بەکاردێت، تاوەکو سنوورەکانی ئیسرائیل دەبینێت.

سەرەڕای ئەوەی لە مانگی نیسانەوە چەندین جار ئاگربەست راگەیەندراوە و درێژکراوەتەوە، و دواجار لە 20ـی حوزەیران ئاگربەستێکی نوێ هاتە کایەوە، بووە هۆی هێوربوونەوەی دۆخەکە، بەڵام زیانە مرۆییەکان زۆرن. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە 2ـی ئادارەوە تا ئێستا 4298 کەس کوژراون و 12796 کەسیش بریندار بوون.