لە غەززە هێزی نێودەوڵەتی جێگیر دەکرێن

راپۆرتە هەواڵییەکانی ئیسرائیل ئاشکرای دەکەن، پڕۆسەی جێگیرکردنی هێزێکی فرەنەتەوەیی بۆ بەڕێوەبردنی دۆخی ئەمنیی کەرتی غەززە چووەتە قۆناخێکی کردەییەوە و یەکەم کاروانی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان گەیشتووە. 

ماڵپەڕی والای ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی دەستی کردووە بە وەرگرتنی کەرەستەی سەربازی بۆ ئەوەی لە هەوڵەکانی بێچەککردنی ناوچەکەدا بەکاریان بهێنێت، و لەو چوارچێوەیەشدا لە 24 کاتژمێری رابردوودا دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی رادەستی هێزە ئەمریکییەکان کراون، لە بنکەی کریات جات لە نزیك غەززە جێگیرن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گرتنەدەستی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان لە بەشێکی ناوچەکەدا.

سوپای ئیسرائیل ئێستا کۆنتڕۆڵی نزیکەی 70%ی خاکی کەرتی غەززەی کردووە، بەڵام هێشتا مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕێکی سەخت لە ئارادایە، چونکە بزووتنەوەی حەماس rەتیدەکاتەوە دەستبەرداری چەکەکەی ببێت.

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان جەخت دەکەنەوە, هەر پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی لە غەززە بەستراوەتەوە بە هەبوونی هێزێکی کارا لە ناوخۆی کەرتەکەدا کە بتوانێت چەکی حەماس داماڵێت و کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە ناوچەکە لەژێر ئاگربەستێکی ناجێگیردایە کە لە تشرینی یەکەمی 2025ەوە لەسەر بنەمای پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاوەدانکردنەوەی غەززە راگەیەندراوە.

هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە قاهیرە بەردەوامن و کۆبوونەوەیەک بە بەشداری لایەنە فەڵەستینییەکان و نوێنەرانی ئەنجوومەنی ئاشتی کە ترەمپ دایمەزراندووە، شانبەشانی وڵاتانی وەک قەتەر و تورکیا بەڕێوەچووە.

دانوستانکاران کار لەسەر نەخشەڕێگەیەک دەکەن کە داماڵینی پلەبەندیی چەک و دروستکردنی دەسەڵاتێکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە کۆدەکاتەوە، هەرچەندە ئیسرائیل سوورە لەسەر بێچەککردنی تەواوەتی حەماس پێش هەر هەنگاوێکی سیاسی و میدیاکانی ئەو وڵاتەش باس لەوە دەکەن، حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ هێشتا گومانی لەسەر چوارچێوەی ئەو رێککەوتنانە هەیە و رەنگە رەتیان بکاتەوە.