مامەڵەی تاپۆکردنی زەوی لە سنووری کەسنەزان دەستپێدەکات

سەرۆکایەتیی شارەوانیی کەسنەزان داوا لەو فەرمانبەرانە دەکات کە ناویان لە لیستی نوێی دابەشکردنی زەویدا هاتووە، سەردانی سەرۆکایەتیی شارەوانی بکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی وردبینی و دەستپێکردنی ڕێوشوێنەکانی تاپۆکردنی زەوییەکانیان.

شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی کەسنەزان، ئاگادارییەکی فەرمی ئاڕاستەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەکات کە ناویان لەو لیستەی خوارەوە هاتووە لە سنووری شارەوانییەکە، بە مەبەستی راییکردنی مامەڵەکانیان و تەواوکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکان.

بە پێی راگەیەنراوەکە، پێویستە فەرمانبەران سەردانی بارەگای سەرۆکایەتیی شارەوانییەکە بکەن، ئەم سەردانە بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی وردبینی لە دۆسیە و بەڵگەنامەکانیان و دەستپێکردنی رێوشوێنە کارگێڕییە پێویستەکانە بۆ تاپۆکردنی فەرمیی زەوییەکانیان.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شایستە و، بڕیارە لە قۆناخەکانی داهاتوودا ناوەکانی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای هەولێر رابگەیەنرێن بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن پەڕاوی یاسایی زەوییەکانیان وەربگرن و مامەڵەی تاپۆکانیان کۆتایی پێ بهێنن.