ئەردۆغان: رێککەوتنی واشنتن و تاران ئارامیی بۆ جیهان گەڕاندەوە

سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند: هەر چارەسەرێک لەسەر بنەمای وڵاتانی ناوچەکە بنیاد نەنرێت هەمیشەیی نابێت، پاڵپشتیی وڵاتەکەشی بۆ رێککەوتنی ئەمدواییەی واشنتن و تاران لە پاکستان دەربڕی.

شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک جەختی لەوە کردەوە، هەر چارەسەرێک پشت بە وڵاتانی ناوچەکە نەبەستێت هەمیشەیی نابێت.

هاوکات باسی لەوە کرد، رێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان واشنتن و تاران لە ئیسلام ئاباد، هەناسەیەکی ئاسوودەی بە جیهان بەخشی.

سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "تورکیا پاڵپشتی سەرجەم ئەو هەنگاوانە دەکات کە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکەدا".

ئەردۆغان جەختی لەسەر پێویستیی "رێگریکردن لە حکوومەتی ئیسرائیل کردەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بۆنی بارووت و خوێن لە ناوچەکەدا بڵاونەکاتەوە".