لە سوودان 200 هەزار کەس لەژێر هەڕەشەی مردن و نەخۆشیدان
تۆڕی پزیشکانی سوودان هۆشدارییەکی توند و بەپەلە دەدات لە تێکچوونی خێرا و مەترسیداری بارودۆخی مرۆیی و تەندروستی لە ناوچەکانی رۆژئاوای "بارا" لە باکووری کوردوفان، تۆڕەکە رایگەیاندووە، زیاتر لە 200 هەزار کەس، کە 20 هەزاریان منداڵن، رووبەڕووی مەرگ بوونەتەوە.
بەپێی راپۆرتی زانیارییە مەیدانییەکانی ئەم تۆڕە پزیشکییە، تا ئێستا زیاتر لە 100 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی سورێژە لەنێو منداڵان و 45 حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکراون. ئەمەش لەکاتێکدایە کە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پاشەکشەیەکی گەورەیان کردووە و پێداویستییە پزیشکییە بنەڕەتییەکان بە تەواوی نەماون.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندین بنکە و نەخۆشخانەی گرنگ وەک نەخۆشخانەکانی 'تەیبە ئەلزەعتەری و ئوم کرێدەم' و چەندین ناوەندی تەندروستی لە ناوچەکانی شەقیلە، ئوم سەعدون، ئوم زوبان، ئەلمەرە، و چەند گوندێکی دیکە بەبێ هیچ جۆرە دەرمان و پێداویستییەکی پزیشکی ماونەتەوە و کار دەکەن.
تۆڕی پزیشکانی سوودان ڕایگەیاندووە، بەردەوامبوونی بڕانی هاوکارییە خۆراکی و پزیشکییەکان و رێگریکردن لە چوونی یارمەتییەکان بۆ ناوچەکە، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ روودانی کارەساتێکی مرۆیی فراوان کە رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی مردن، بەتایبەت لەنێو منداڵان و توێژە بێدەسەڵاتەکاندا.
ئەم رێکخراوە تەندروستییە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو رێکخراوە مرۆیی و فریاگوزارییەکان کردووە بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ گەیاندنی دەرمان، ڤاکسین، خۆراک و ئاوی خواردنەوەی پاک، تاوەکو بتوانرێت رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکان بکرێت و ژیانی هەزاران هاووڵاتی مەدەنی لەو ناوچانە رزگار بکرێت.
ئەم تەنگژە مرۆییە لەکاتێکدایە کە ویلایەتەکانی هەرێمی کوردوفان لە 25ـی تشرینی یەکەمی رابردووەوە بووەتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
شەڕی ناوخۆیی سوودان 15ـی نیسانی 2023ەوە دەستی پێکردووە، تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی 13 ملیۆن کەس، بە یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی ئاوارەیی لە جیهاندا دادەنرێت.