میسر ناوەندی نوێی فەرماندەیی ستراتیژیی خۆی بە ناوی "ئۆکتاگۆن" کردەوە
سەرۆکی میسر ناوەندی نوێی فەرماندەیی ستراتیژیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بە ناوی "ئۆکتاگۆن" لە پایتەختی نوێی کارگێڕیی میسر کردەوە؛ سیسی جەختی کردەوە, ئەم قەڵا سەربازییە گەورەیە گوزارشتە لە پابەندبوونی قاهیرە بە ئاشتی و گەڕانەوەی میسر بۆ پێگەی مێژوویی و کاریگەری خۆی لە ناوچەکەدا .
یەکشەممە 5ـی تەممووزی 2026، میسر بە فەرمی ناوەندی نوێی فەرماندەیی ستراتیژیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بە ناوی "ئۆکتاگۆن" (Octagon - فەرماندەیی هەشتلۆکی کردەوە، کە ئامانجی نیشاندانی پێگەی سەربازی و جیۆپۆلەتیکی قاهیرەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە کاتی کردنەوەی ناوەندەکەدا رایگەیاند: "میسر پابەندە بە ئاشتییەوە بۆ ئەو لایەنانەی کە خوازیاری ئاشتین." ئەم پڕۆژە گرنگە نوێیە جێگەی شانازییەکی گەورەیە بۆ میسر و هێمایەکە بۆ دووبارە سەقامگیربوونی پێگەی قاهیرە.
سیسی جەختی کردەوە، ئەرکی ئەم ناوەندە پاراستنی سەقامگیرییە، لە کاتێکدا میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پڕۆژەیە گوزارشتە لە دەوڵەتێکی توانادار کە دەتوانێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و ئامادەباشیی هەمیشەیی هێزە چەکدارەکانی دڵنیا بکاتەوە
لیوا نەسر سالم، سەرۆکی پێشووی دەزگای دۆزینەوەی سەربازیی میسر بە ماڵپەڕی سکای نیوز عەرەبی رایگەیاند، ئۆکتاگۆن وەک ناوەندی سەرەکیی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان جێگیرکراوە و بە شێوازێکی زۆر تووند لە ڕووی ئەندازیارییەوە پارێزراوە دژی هەر مەترسییەکی ئاسمانی یان مووشەکی. جەختی کردەوە، پڕۆژەکە خاوەن سیستمی زۆر پێشکەوتووە دژی هێرشە سایبەرییەکان، کاریگەرییە ئەلیکترۆنییەکان، ، سیخوڕی و گوێگرتن، ئەمەش بەردەوامیی پەیوەندییە سەربازییەکان لە هەموو ژینگەیەکی نائاساییدا گەرەنتی دەکات. یەکخستنی سەرجەم لقەکانی هێزە چەکدارەکان لە ناو یەک بارەگادا خێرایی بە تەنگەوەچوونی حاڵەتە لەناکاوەکان زیاتر دەکات.
عەمید تاریق عەکاری، پسپۆڕی کاروباری ستراتیژی و ئابووریی سەربازی ئاماژەی بەوە کرد، گرنگیی ئۆکتاگۆن لە لایەنی فیزیکییەوە کورت نابێتەوە، بەڵکو سیستمی کارکردنی ناوەندەکە زۆر مۆدێرنە. ئەو دەڵێت ناوەندەکە پشت بە تۆڕێکی پەیوەندیی فەرمی و جیاواز لە ئینتەرنێتی گشتی دەبەستێت، و ژیریی دەستکرد بۆ شیکردنەوەی داتا و پشتیوانیکردنی بڕیارەکان بەکاردەهێنێت.
عەکاری جەختی کردەوە, پڕۆژەکە پەیامێکی تووندی رێگرییە بۆ نیشاندانی تێڕوانینی نوێی دەوڵەتی میسر بۆ نوێکردنەوەی کەرتی بەرگریی نیشتمانی و بەرزکردنەوەی ئامادەباشیی هێزە چەکدارەکان بۆ وەڵامدانەوەی سەرجەم مەترسییە هەرێمییەکان.
رۆژنامەی جوریسلام لە راپۆرتێکدا لەبارەی ناوەندە سەربازییەکەوە ئاماژەی داوە، ئەم هەنگاوەی میسر لە چوارچێوەی گەشەپێدانی بەرگریی سەربازیی دێت کە لەم ساڵانەی دواییدا لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە، هاوشانی وڵاتانی وەک ئیسرائیل، سعوودیە و تورکیا کە هەوڵ دەدەن هێزی نوێی سەربازی و تەکنەلۆجیی خۆیان بخەنەڕوو، میسر پێشتر و لە ساڵەکانی 1950 و 1960دا لەژێر سەرکردایەتیی جەمال عەبدولناسر، سەرۆکی ناسیۆنالیستی عەرەب ببووە هێزێکی سەربازیی گەورە لە ناوچەکەدا، و میسری ئەمڕۆش بە پەرەپێدانی "ئۆکتاگۆن" هەوڵ دەدات ببێتەوە بە میراتگری ئەو پێگە بەهێزە مێژووییە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی عەینی ئیماراتی، ناوەندی نوێی سەربازیی ئۆکتاگۆن هەنگاوێکە بۆ پەرەپێدانی سیستمی فەرماندەیی، کۆنتڕۆڵ و بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی هێزە چەکدارەکانی میسردا." هاوکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و میسر هاوبەشێکی دێرین و نزیکی یەکترن، و عەبدولفەتاح سیسی خاوەن پەیوەندییەکی توندوتۆڵە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا؛ سیسی لە ساڵی 2013دا دوای لادانی دەسەڵاتی ئیخوان موسلیمین کە تەنیا یەک ساڵ فەرمانڕەواییان کرد، دەسەڵاتی گرتە دەست.
لە راپۆرتەکەی کەناڵی عەینی ئیماراتی، ئۆکتاگۆن تەنیا باڵەخانەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو وەک "سەنتەرێکی دەمارگیریی پێكەوەبەستراو" کار دەکات بۆ بەڕێوەبردن، کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی زانیاری و چەسپاندنی ئامادەباشیی هەمیشەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان؛
بیرۆکەی نەخشەسازیی ئەم پڕۆژە زەبەلاحە لە گەورەیی شارستانیەتی مێژوویی میسرەوە وەرگیراوە، و شێوازە هەشتلۆکییەکەی (ئۆکتاگۆن) کە هاوشێوەی مۆدێلی "پێنتاگۆن"ی ئەمریکییە، وەک هێمایەک بۆ بەهێزی و تێکەڵبوونی سەرجەم لقەکانی دەوڵەت و هێزە چەکدارەکان دەستنیشان کراوە .
بارەگای پێنتاگۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیا لە ساڵی 1943 کرایەوە و ڕووبەری بیناسازییەکەی تەنیا 600 هەزار مەتر دووجایە و نزیکەی 23 هەزار کارمەندی تێدا کار دەکەن، بەمەش ئۆکتاگۆن زۆر لە پێنتاگۆن گەورەترە لە رووی ڕووبەری گشتییەوە.
ئەم پڕۆژە ستراتیژییە نوێیە کە لەسەر ڕووبەری نێزیکەی 89 کیلۆمەتری چوارگۆشە، پێکهاتووە لە هەشت باڵەخانەی سەرەکی بە شێوازی ئەندازیاریی هەشتلۆکی؛ هاوکات رووبەری بیناسازی و تەلارسازییەکەی زیاتر لە 4.6 ملیۆن مەتر دووجایە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە یەکێک لە گەورەترین ناوەندە سەربازی و کارگێڕییەکان لەسەر ئاستی جیهان.
دیزاینی ئەندازیاریی ئۆکتاگۆن پشت بە 8 باڵەخانەی هەشتلۆکی دەبەستێت کە لە سەر شێواز و دابونەریتی تەلارسازیی فیرعەونیی کۆن کێشراون و بە شێوازی بازنەیی دابەشکراون. لە ناوەڕاستی ناوەندەکەدا دوو باڵەخانەی فەرماندەیی ناوەندی هەن کە لە رێگەی رێڕەوی ناوخۆیی فەرمی بە باڵەخانە دەرەکییەکانەوە بەستراونەتەوە بۆ دڵنیابوون لە خێرایی ئاڵوگۆڕی زانیاری و بەرزکردنەوەی کارامەیی کۆنتڕۆڵ و خێراکردنی پرۆسەی بڕیاردان.
کەناڵی عەینی ئیماراتی باسی لەوەش کردووە، پەرەپێدانی ئۆکتاگۆن بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستییە مۆدێرنە ئەمنییەکانە، بەتایبەت رووبەڕووبوونەوەی نەوەی چوارەم و پێنجەمی جەنگی سایبەری و ئەو هەڕەشانەی کە پێویستیان بە سیستمی بەرگریی دیجیتاڵیی زۆر پێشکەوتوو هەیە." ناوەندەکە خاوەن ژێرخانێکی دیجیتاڵیی زۆر زەبەلاح و پێشکەوتووە کە تایبەت کراوە بە هەڵگرتن، چارەسەرکردن و پاراستنی داتای نیشتمانیی میسر بەپێی بەرزترین ستانداردەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی.
کردنەوەی ئەم پێگە سەربازییە گەورەیە لە لایەن میدیا نێودەوڵەتییەکانەوە بە گرنگییەکی خۆری پێدرا، کە نیشانەی تری هەوڵەکانی قاهیرەیە بۆ خستنەڕووی تواناکانی لە ناوچەکەدا. لە کاتێکدا لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ململانێکانەوە هەڕەشە لەسەر کەنداو هەبووە، میسر دەیەوێت بە پەرەپێدانی توانای بەرگری خۆی، وەک پەرژین و قەڵایەکی هێز و ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەربکەوێت.