پەیامی هاوخەمیی مەسرور بارزانی بۆ کۆچی دوایی کازم شانەدەری

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی کازم شانەدەری، پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و هەڤاڵی بارزانیی نەمر دەردەبڕێت و، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی هەڤاڵانی خوالێخۆشبوو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.

یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە، بە داخێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی کازم مستەفا ئۆمەر، ناسراو بە کازم شانەدەری، پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و هەڤاڵیی بارزانیی نەمر بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و بەشداریی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانم بیست.

هاوکات دەڵێت: کازم شانەدەری، خەباتکارێکی دێرین و تێکۆشەرێکی قارەمان و ناسراوی کوردستان بوو، کە هەموو ژیانی خۆی لە پێناو بەرگریکردن لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان بەخت کرد.

مەسرور بارزانی، لە پەیامەکەیدا، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی ئاراستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەی کازم شانەدەری، هەڤاڵ و دۆستەکانی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.