حەماس حکوومەتەکەی لە غەززە هەڵدەوەشێنێتەوە

رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن، لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس بە نیازە هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی بەدواداچوونی کارە حکوومییەکان رابگەیەنێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئەم هەنگاوەی حەماس لە چوارچێوەی دەسپێشخەرییەکدایە بۆ کردنەوەی رێگە لەبەردەم "لیژنەی بەڕێوەبردنی غەززە یان ئەوەی بە لیژنەی تەکنۆکرات" ناسراوە. ئەم لیژنەیە کە لەلایەن کەسایەتی فەڵەستینی عەلی شەعسەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، نزیکەی شەش مانگە پێکهێنراوە، بەڵام بەهۆی رێگرییەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا نەیتوانیوە بچێتە ناو غەززە و دەستبەکار بێت.

سەرچاوەیەک لە ناو بزووتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوە کردووە، پێدەچێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتەکەیان ئەمرۆ دووشەممە رابگەیەنرێت، لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی دیکەی بزووتنەوەکە جەختی لە نزیکبوونەوەی کاتی راگەیاندنەکە کردەوە بەبێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان بکات.

ئەم بڕیارەی حەماس دوای نزیکەی دوو دەیە (لە ساڵی 2007ەوە) لە کۆنترۆڵی تەواوەتی و بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی غەززە دێت، کە دوای ململانێی لەگەڵ بزووتنەوەی فەتح دەستی بەسەردا گرتبوو.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی نوێ لە قاهیرە لە نێوان حەماس و لایەنە فەڵەستینییەکان بەڕێوەدەچێت. ئامانجی کۆبوونەوەکان گفتوگۆکردنە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان و گەیشتن بە رێککەوتن سەبارەت بە قۆناخی دووەمی پڕۆسەی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.