دوو ئەفسەری رژێمەکەی ئەسەد لە نەمسا دادگایی دەکرێن

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، دادگایەک لە ڤیەننا بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسی دوو ئەفسەری پێشووی رژێمی سووریا بدات، کە تۆمەتبارن بە ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییان لە زیندانەکانی سووریا لە سەردەمی بەشارد ئەسەد لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2013.

تۆمەتباری سەرەکی، خالید حەلەبی 63 ساڵ، عەمیدی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سووریایە و لە ساڵی 2024ەوە لە زینداندایە. تۆمەتبار کراوە بە ئەنجامدانی ئەشکەنجە، ناچارکردنی سێکسی و گەیاندنی ئازاری توندی جەستەیی بە زیندانیان.

تۆمەتباری دووەم، موسعەب ئەبو روکبە 54 ساڵ، موقەدەمێکی پێشووی پۆلیسە و بە هەمان تۆمەتدەستگیر کراوە. هەرچەندە هەردووکیان لە دەستپێکی دادگاییەکەیاندا لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بێتاوانیی خۆیان راگەیاند، بەڵام ئەگەر تاوانەکەیان بەسەردا ساخ بێتەوە، رووبەڕووی 10 ساڵ زیندانی دەبنەوە.

لە دانیشتنەکانی دادگادا، چەندین رزگاربووی دەستی ئەو دوو ئەفسەرە شایەتییان داوە. یەکێک لە قوربانییەکان باسی کردووە، حەلەبی خۆی لێکۆڵینەوەی لێ کردووە و بە کێبڵی کارەبایی لە ژێر پێیەکانی داوە. شایەتحاڵێکی دیکە باسی لەوە کردووە، بۆ ماوەی نۆ رۆژ بە رووتی لە زیندانێکی تەسکدا هێڵدراوەتەوە و ئاوی ساردیان بەسەردا رشتووە.

ئەم کەیسە تەنیا رەهەندی مرۆیی نییە، بەڵکو ململانێی هەواڵگریشی تێدایە. بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، خالید حەلەبی لە ساڵی 2015دا بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە فەڕەنساوە گواستراوەتەوە بۆ نەمسا، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نهێنی بەناوی "شیری سپی". هەرچەندە حەلەبی دەڵێت؛ خزمەکانی یارمەتییان داوە، بەڵام بەرپرسانی پێشووی هەواڵگریی نەمسا بەهۆی پاراستنی ئەم ئەفسەرە پێشتر رووبەڕووی لێپێچینەوە بوونەتەوە.

ئەم دادگایی کردنە لەژێر دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیر بەڕێوە دەچێت، کە رێگە بە وڵاتانی ئەوروپا دەدات دادگایی ئەو کەسانە بکەن کە لە دەرەوەی ئەوروپا تاوانی جەنگییان ئەنجام داوە. پێشتریش لە ئەڵمانیا، فەڕەنسا و سوید چەندین بەرپرسی دیکەی رژێمی سووریا بە هەمان شێوە سزادراون.