چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەردەم مەترسیی دابەشبووندایە

بەهۆی ناکۆکییە نێوخۆییەکان و دەرهاوێشتەکانی هەڵبژاردن، چوارچێوەی هەماهەنگی رووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی بووەتەوە و مەترسی دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوەی ئەو هاوپەیمانییە شیعەیەی لێدەکرێت.

ئەوەی لە پشت پەردەکانەوە لە نێو ماڵی شیعەدا روودەدات، جیاوازە لەوەی بە ئاشکرا دەبینرێت. نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پۆستێکی تۆڕی ئێکسدا جەختی لە گرنگی پاراستنی پێکهاتەی ئێستای چوارچێوەی هەماهەنگی کردەوە، کە ئەمەش لای چاودێران وەک رەنگدانەوەیەک بۆ قەبارەی ناکۆکییەکان و مەترسی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییەکە لێکدەدرێتەوە.

عەبدولرەحمان جەزائیری، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەو بارەیەوە رایگەیاند: "چوارچێوەی هەماهەنگی دەچێتە نێو قەیرانێکی سیاسی گەورەوە، هۆکارەکەشی بۆ دەرهاوێشتەی هەڵبژاردنەکان و چەقبەستوویی سیاسی و ئاماژە خراپەکان دەگەڕێتەوە."

جەزائیری ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵمەتی بەرەبەیان کە چەندین دۆسیەی گەندەڵی و پڕۆژەی بێ ساختەی ئاشکرا کرد، ناکۆکییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی زیاتر کردووە و بووەتە هەڕەشەیەکی پێشوەختە لەسەر تەواوی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق.

لەلایەکی دیکەوە، هەندێک لە چاودێران بە ئەرێنیتر دەڕواننە پەیامەکەی مالیکی و بە تەنیا وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەیناسێنن. ساڵح بووشی، چاودێری سیاسی دەڵێت: "ئەمە پەیامێکی دڵنیاکردنەوەیە بۆ هێزە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و گەلی عێراق، بەو پێیەی چوارچێوەکە بەرپرسیارەتی گەورەی لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەوڵەتدا هەیە و ئەم هەنگاوەش تەنیا پڕۆسەیەکی رێکخستنەوەی نێوخۆییە."

سەرەڕای ئەم پەیامانە، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان کە نایانەوێت ناویان ئاشکرا بکرێت، ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشهاتەی بەهێز بۆ دابەشبوونی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە و رەنگە لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەندێک لە لایەنەکانی نێو چوارچێوەکە، هاوپەیمانی نوێ لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی چوارچێوەکە پێکبهێنن.