لە تورکیا دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی جەهەپە هەیە
بەهۆی قەیرانی سەرۆکایەتی و ناكۆكییە نێوخۆییەكانی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، ئەگەری هەیە 73 پەرلەمانتاری ئەو پارتە جیاببنەوە و پارتێکی نوێ پێکبهێنن، ئەمەش مەترسی لەدەستدانی پێگەی "ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی" لەسەر جەهەپە دروست دەکات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دزەیان کردووە، دوای بڕیاری دادگا سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی کۆنگرەی 38ـەمی جەهەپە و ئەگەری گەڕانەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو بۆ سەرۆکایەتی پارتەکە، مشتومڕی دامەزراندنی پارتێکی نوێ لە ئارادایە.
باس لەوە دەکرێت ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار کە ئێستا دەستبەسەرە، داوای کردووە پارتە نوێیەکە لە زووترین کاتدا رابگەیەنرێت، بەڵام ئۆزگور ئۆزەل و تیمەکەی دەیانەوێت تاوەکو کۆتا رێکاری یاسایی لە نێو جەهەپەدا بمێننەوە و بجەنگن.
کێ دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی؟
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، ناكۆكی توند لەسەر ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانە هەیە کە پارتەکە جێدەهێڵن. تیمی ئۆزگور ئۆزەل پێیان وایە 73 بۆ 87 پەرلەمانتار لەگەڵیاندا دەچنە نێو پارتە نوێیەکە، بەڵام ناوەندی گشتی جەهەپە پێشبینی دەکات تەنیا 45 بۆ 67 پەرلەمانتار جیاببنەوە.
ئەگەر ژمارەی جیابووەوەکان بگاتە 73 پەرلەمانتار، ئەوا جەهەپە پێگەی خۆی وەک گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن لەدەست دەدات. هەرچەندە پارتە نوێیەکە دەبێتە خاوەن زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر بەشداری هەڵبژاردنی نەکردووە، ناتوانێت هاوکارییە داراییەکانی گەنجینەی دەوڵەت وەربگرێت. پێشبینیش دەکرێت یەکەم هەنگاوی کردەیی بۆ دامەزراندنی ئەو پارتە لە رۆژی 20ی تەممووزدا بنرێت.
بەشێک لە پەرلەمانتاران داوا دەکەن پێش کۆتایی مانگی تەممووز پارتە نوێیەکە رابگەیەنرێت. ئەوان دەڵێن: "کاتێک دەچینە ناو خەڵک، تەنیا باسی کێشەکانی ناو پارتەکە دەکرێت و ناتوانین کارە سیاسییەکانمان بکەین، بۆیە نابێت لەوە زیاتر کات بەفیڕۆ بدەین."
مەترسییەکانی بەهێزبوونی ئاکەپە
لە بەرامبەردا، بەشێکی دیکەی پەرلەمانتارانی جەهەپە هۆشداری دەدەن و دەڵێن: "مانەوە لە نێو جەهەپە بنەمای سەرەکییە، چونکە دامەزراندنی پارتێکی نوێ تەنیا خزمەت بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) دەکات." ئاماژە بەوەش دەکەن کە هەوڵە هاوشێوەکانی رابردوو بۆ دروستکردنی پارتی نوێ لە نێو جەهەپەوە، شکستیان هێناوە.