عێراق بۆ ماڵئاوایی لە خامنەیی پاس و شەمەندەفەری ئامادە کردووە
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، 400 پاس و 6 شەمەندەفەری تەرخانکردووە بۆ گواستنەوەی بەشداربووان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی سەرنشینان و شاندەکان 400 پاسی بۆ گواستنەوەی ئەو هاووڵاتیانە تەرخانکردووە کە بەشدار دەبن لەو رێوڕەسمەدا.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسن 3 شەمەندەفەری لە بەغداوە بەرەو کەربەلا و 3 شەمەندەفەری دیکەی لە بەسرەوە بەرەو کەربەلا تەرخانکردووە، بۆ ئەوەی ئەوانەی بەشداری لە رێوڕەسمەکە دەکەن.
وەزارەتی گواستنەوە داوای لە هەموو بەشداربووان کردووە کە قەرەباڵغی دروست نەکەن، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی گواستنەوەدا بکەن.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا وەزارەت جەختی کردەوە، گەراجەکانی بەغدا و پارێزگاکان بەردەوامن لە کارەکانیان و لە رۆژی رێوڕەسمەکە و رۆژانی دواتریشدا بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان.
بەگوێرەی تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە رێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی ئێران دەستیپێکرد و تەرمەکەی بە نێو شەقامەکانی تاراندا دەگەڕێندرێت، پێشبینیش دەکرێت رێوڕەسمەکە نزیکەی 10 کاتژمێر بخایەنێت.
لەلایەکی دیکەوە، جەنەڕاڵ حەسەن حەسەن زادە رایگەیاند "داوا لە جەماوەر دەکەین بە هێمنی روو لە مەیدانی ئازادی بکەن"، کە بڕیارە رێوڕەسمەکە لەوێ کۆتایی پێبێت.
هەروەها بڕیارە تەرمی عەلی خامنەیی بهێنرێتە عێراق و بە شارەکانی کەربەلا، نەجەف و بەغدا دا بگێرن، تاوەکوو هاووڵاتیان بۆ دوایین جار ماڵئاوایی لێبکەن.
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە ساڵی 1939 لە مەشهەد لەدایک بووە، لە ساڵی 1981 تا ساڵی 1989 سەرۆککۆماری ئێران بووە دواتر هەر لە ساڵی 1989 بووە بە رێبەری ئێران.
لە 28ـی شوباتی 2026، عەلی خامنەیی کەوتە بەر هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل و لە تەمەنی 86 ساڵیدا کوژرا، دواتر موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک جێگرەوەی ئەو هەڵبژێردرا.