هاوپەیمانییەکەی سوودانی: دەبێت بێ جیاوازی لێپرسینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی بکرێت

هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، پاڵپشتی خۆی بۆ رێکارەکانی حکوومەت و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە دژی گەندەڵی دەربڕی و جەختی کردەوە، دەبێت لێکۆڵینەوەکان هەموو دۆسیەکان بگرێتەوە و دوور بێت لە هەڵبژاردنی نادادپەروەرانە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە لە کۆنگرەیەکی ەۆژنامەوانیدا ەایانگەیاند، دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو لە گەندەڵی، چ لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بن یان یاسادانان، هەنگاوێکی گرنگە، هەروەها داوایان کرد راگەیەندراوەکەی پەرلەمان لەمبارەیەوە بکرێتە هەنگاوی کرداری.

هاوپەیمانێتییەکە ئاماژەیان بەوەشکردووە، قۆناخی ئێستا پاڵپشتییەکی بەرفراوانی سیاسی و میللی هەیە، ئەمەش دەرفەتێکی گونجاوە بۆ کردنەوەی دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی و چاکسازی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

باسیان لەوەشکرد، لە بەشێکی تری قسەکانیاندا، پشتگیری خۆیان بۆ بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران لە تەواوکردنی کابینەی حکوومەت دەربڕی. هاوکاریی خۆشیان دووپاتکردەوە و بوونی هەر ناکۆکییەکیان رەتکردەوە، هاوکات هۆشدارییان دا لە هەبوونی جەنگێکی راگەیاندن کە ئامانجی شێواندنی دۆخی سیاسییە.

یەکشەممەی هەفتەی رابردوو، لە ئەنجامی دانپێدانانی دۆسیەی گەندەڵی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لە ناوچەی سەوز دەستیپێکرد و دەیان بەرپرس و پەرلەمانتار و سەرۆک حزب دەستگیرکران، لەوبارەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، کۆی گشتی ئەو پارانەی تا ئێستا لەم دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە بریتییە لە  127 ملیار دیناری عێراقی و 24 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، هەروەها  ژمارەیەک خانوبەرە. ئۆتۆمبێل و زێڕیش دەستی بەسەردا گیراوە.