پێشەوا هەورامانی: زەوی دەدرێتە زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیش دەگرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 20 هەزار پارچە زەوی تەرخانکراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 6می تەمموزی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە لە بڕیاری پێشوودا تەنیا فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی زەوی دیاریکرابوون، بەڵام لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا زەوی بدرێتە زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدانیش.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی لێی سوودمەند دەبن، گوتەبێژی حکوومەت رایگەیاند "لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت، پێنج هەزار و 440 پارچە زەوی دەدرێتە بنەماڵەی شەهیدانی سەنگەر و جینۆسایدکراوان، هەروەها (15499) پارچە زەوی بۆ زیندانییانی سیاسی تەرخانکراوە."

پێشەوا هەورامانی جەختیشی کردەوە، کە مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی زەوییەکە ئەوەیە کە پێشتر ئەو کەسانە یان بنەماڵەکانیان سوودمەند نەبووبن لە وەرگرتنی زەوی لەلایەن حکوومەتەوە.

ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمە بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەو تێکۆشەرانەی بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە لە زیندانەکانی رژێمی پێشوو چەوسێندراونەتەوە.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.