خەرجیی بەرگری و دۆسیەی ئێران لە پێشەنگی پرسەکانی لووتکەی ناتۆ دەبن
هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی لووتکەی ساڵانەی خۆی لە ئەنقەرە دەکات کە لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بەڕێوەدەچێت؛ ئەم لووتکە گرنگە لە کاتێکدایە کە بەهۆی گوشارەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکان و لێکەوتەکانی جەنگی ئێران، پەیوەندییە نێوان کیشوەرییەکان تووشی گرژیی توند بوونەتەوە.
دووشەممە 6ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی دا وە، بڕیارە سەرکردەکانی 32 وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ، لە نێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ئەنقەرەی کۆببنەوە. رەخنە بەردەوامەکانی ترەمپ لە هاوپەیمانییەکە، راگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا و پێداچوونەوەی شەش مانگی بە پێگەی سەربازیی واشنتن لە کیشوەرەکەدا، دۆخێکی نادیاری بۆ هاوپەیمانییەکە دروست کردووە
ئیدارەی ترەمپ فشار دەکات کە وڵاتانی ئەوروپا بەرپرسیارێتیی سەرەکیی بەرگریی کلاسیکیی کیشوەرەکەیان بگرنە ئەستۆ. سەرکردەکانی ئەوروپا هەوڵ دەدەن ترەمپ رازی بکەن کە پابەندی بەڵێنەکەی ساڵی رابردووی لووتکەی لاهای بوون بۆ خەرجکردنی 5%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ کەرتی بەرگری تا ساڵی 2035.
بەپێی رەشنووسی بەیاننامەی کۆتایی، سەرکردەکان دەڵێن: "لە ساڵی 2025دا، هاوپەیمانە ئەوروپییەکان و کەنەدا وەبەرهێنانەکانیان لە کەرتی بەرگریدا بە رێژەی زیاتر لە 139 ملیار دۆلار زیاد کردووە." هەروەها جەخت لە بنیاتنانی ئەوروپایەکی بەهێزتر لە ناو ناتۆیەکی بەهێزتردا دەکەنەوە.
هاوپەیمانانی ناتۆ پابەندبوونی خۆیان بۆ بەردەوامیی یارمەتیدانی ئۆکرانیا دووپات دەکەنەوە. سەرکردەکان بەڵێن دەدەن بۆ ساڵی 2026 بڕی 70 ملیار یۆرۆ وەک کەرەستەی سەربازی، هاوکاری و مەشق پێشکەش بە کیێڤ بکەن و هەمان ئاست بۆ ساڵی 2027 بپارێزن. بەشێکی زۆری ئەم کۆمەکە داراییە لە رێگەی قەرزی 60 ملیار یۆرۆیی یەکێتیی ئەوروپاوە دابین دەکرێت و پێشبینی ناکرێت ئەمریکا بەشداری لەم پارەدارکردنەدا بکات.
بەرپرسانی ئەوروپا نیگەرانن لەوەی کە ناڕەزایەتییەکانی ترەمپ بەرامبەر بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا لە جەنگی دژی ئێراندا، سێبەر بەسەر لووتکەکەدا بکێشێت. بڕیارە سەرکردەکان لە بەیاننامەی کۆتاییدا جەخت بکەنەوە کە: "هاوپەیمانان دووپاتی دەکەنەوە کە پێویستە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و داوا لە تاران دەکەن بە تەواوی رێز لە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا بگرێت."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا هەوڵ دەدات توانای پیشەسازیی بەرگریی تورکیا بخاتەڕوو و داوای لادانی سەرجەم گەمارۆ و سنووردارکردنە بازرگانییە سەربازییەکانی نێوان وڵاتانی ناتۆ بکات. ئەردۆغان دەیەوێت لەگەڵ فەرەنسا و ئیتالیا پەرە بە کڕینی سیستمی بەرگریی موشەکیی SAMP/T بدات. هەروەها لە دانوستانە دوو قۆڵییەکانیدا لەگەڵ ترەمپ، فشار دەکات بۆ لادانی سزاکانی ئەمریکا و گەڕانەوەی تورکیا بۆ پڕۆگرامی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35.
ڤلۆدێمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا ئەنتۆنیۆ کۆستا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین بۆ نانی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بەشداری لووتکەکە دەکەن.
هاوکات وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەحرەین، کوەیت، قەتەر و ئیمارات کۆدەبنەوە و نانی ئێوارە لەگەڵ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەخۆن. وەزیرانی بەرگریی ناتۆش گفتوگۆ لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی ئوسترالیا، یابان، نیوزلەندا و کۆریای باشووردا دەکەن.