عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک بۆ ئیدارەی چەمچەماڵ: غەدر لە گەڕەکی ئەنفالنشین مەکەن

عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک کەسایەتیی شاری چەمچەماڵ پەیامێکی ئاراستەی ئیدارەی شارەکە کردووە و دەڵێت "ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی دوو قوتابخانە و پارکێکی خێزانی داوە، وەک خۆی جێبەجێی بکەن و غەدر لە گەڕەکی (ئاسودە)ی ئەنفالنشین مەکەن".

سێشەممە 7ـی تەممووزی 2026، عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "لەسەر داوای بەشێک لە چالاکوان و کەسایەتیەکانی قەزای چەمچەماڵ و بە هەوڵی ئێمە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، بەڕێز کاک مەسرور بارزانی بڕیاری داوە بە دروستکردنی دوو قوتابخانە و پارکێکی خێزانی لە شاری چەمچەماڵ، وێڕای سوپاس و دەست خۆشیمان بۆ بەڕێز سەرۆکی حکوومەت، بەڵام داواکارین بەڕێزان ئیدارەی چەمچەماڵ خزمەتەکە وەکو خۆی بۆ گەڕەکی (ئاسودە)ی کەسوکاری ئەنفالکراوان جێبەجێ بکەن".

لە پەیامەکەیدا، سێ خاڵی کۆتایی داواکارییەکان و ناو و واژۆی کەسایەتی و سەرجەم چین و توێژەکانی سنووری چەمچەماڵیشی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "وەکو لە داواکاریەکەدا دیارە ئەو خزمەتە بۆ گەڕەکی ئاسودە داواکراوە، بەڵام بەداخەوە دەنگۆی ئەوە هەیە کە بە هەوڵی کەسایەتیەک پارکەکە بگوازرێتەوە بۆ نزیک گورگەیی چاوسوور و یەکێ لە قوتابخانەکانیش بۆ شوێنێکی تر، واتا تەنها یەک قوتابخانە لە گەڕەکی ئاسودە دروست دەکرێت کە ئەمەش غەدرێکی گەورەیە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لەو گەڕەکە".

هەر لە داواکارییەکەدا، داوای دامەزراندنی 100 کوڕ و کچی قوربانیانی ئەنفالیان لە دامەزراوەکانی حکوومەت لە شوێنە جیاجیاکان کردووە و لە پەیامەکەیدا، عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک دەڵێت "هیوادارین جێبەجێ بکرێت".