ترەمپ: کار بۆ لادانی سزاکانی سەر تورکیا دەکەین
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بە جددی کار دەکەن بۆ لادانی سزاکانی سەر ئەنقەرە و پێداچوونەوە بە دۆسیەی فرۆشتنی فڕۆکەکانی F-35؛ ترەمپ هاوکات ستایشی هەڵوێستی تورکیای کرد لە جەنگی دژی ئێراندا و رەخنەی توندی ئاڕاستەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتالیا کرد کە لە کاتی تەنگانەدا لە پاڵ ئەمریکادا نەوەستاون.
سێشەممە 7ی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رایگەیاند کە کار بۆ لادانی سزاکانی سەر ئەنقەرە دەکەن و گوتی، "ئێمە سزاکان لادەدەین. من نامەوێت سزا بەسەر دۆستانماندا بسەپێنم؛ ئەمە بابەتێکی زۆر سادەیە. زۆر خەڵکی تر هەن کە دەتوانین سزایان بەسەردا بسەپێنین و سزاشیان دەدەین، بەڵام سزای هاوڕێکانمان نادەین. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، بە جددی کار دەکەین."
سەبارەت بە فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 دوای ئەوەی ئەردۆغان باسی لەوە کرد، پێشتر لەگەڵ ترەمپ باسیان لە کڕینی 5 فڕۆکە کردووە، چاوەڕێی بڕیاری باش دەکەن، ترەمپ ئاماژەی دا، "فڕۆکەی ئێف-35 فڕۆکەیەکی نایابە و ئێستا باشترین فڕۆکەی جەنگییە لە جیهاندا، هیچ لارییەکمان لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی F-35 بە تورکیا نییە، ئەمە بابەتێکە کە پێداچوونەوەی بۆ دەکەین. کاتێک ئێوە فڕۆکەیەک لە ئێمە دەکڕن، ئەگەر پێویستی بە چاککردنەوەی بزوێنەر یان چاکسازیی تر هەبێت، ئێمە وەک ئەمریکا پابەندبوونی یاساییمان لەسەرە کە هاوکارتان بین لە پاراستن و چاککردنەوەی بزوێنەرەکاندا."
ترەمپ سەرنجی خستە سەر رۆڵی تورکیا لە ناوچەکەدا و ستایشی سوپای ئەو وڵاتەی کرد کاتێک رایگەیاند، "تورکیا لە ژێر سایەی سەرۆکی تورکیا بووەتە هێزێکی سەربازیی ئێجگار بەهێز لە ناوچەکەدا، ئەوان خاوەنی کۆمەڵێکی زۆر لە چەک و کەرەستە سەربازییەکانی ئێمەن و سەربازی زۆر ئازایان هەیە. باسی لەوەش کرد، تورکیا دەتوانرا لەم جەنگەی ئەم دواییەدا بچێتە بەرەی بەرامبەرەوە، ئەوان تاران زۆر باش دەناسن و شارەزای کێشەکانی ئێرانن، بەڵام ئەوان نەیانکرد و لە پاڵ چەند وڵاتێکی دیکەدا زۆر هاوکار بوون.
هاوکات راشیگەیاند، "لە راستیدا ئێمە لە جەنگی ئێراندا پێویستمان بە هیچ یارمەتییەک نەبوو، بەڵام من بە جۆرێک تاقیکردنەوەم بۆ خەڵکی دەکرد، تاقیم دەکردنەوە بزانم ئایا لە کاتی تەنگانەدا لە پاڵماندا دەوەستن یاخود نا، ئیتاڵیا رەتیکردەوە هاوکارمان بێت، ئەڵمانیا هاوکارییەکەی رەتکردینەوە و فەرەنسا رەتیکردەوە لە پاڵماندا بێت؛ ئەمەش ئاساییە، بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە: بۆچی ئێمە سەدان ملیار دۆلار بۆ ئەوان خەرج دەکەین کەچی ئەوان لە پاڵماندا ناوەستن؟ لە کاتێکدا ئێمە هەمیشە لە پاڵ ئەواندا وەستاوین.
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە بژاردە سەربازییەکانی ئەمریکا کرد لە دژی تاران لە ئەگەری شکستپێهێنانی دانوستانەکان و ئاماژەی دا، "ئێمە یان دەگەینە رێککەوتن، یان کارەکەمان بە یەکجاری تەواو دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا من رێککەوتنم پێ باشترە، چونکە نامەوێت کاریگەری لەسەر ژیانی 91 ملیۆن کەس دروست ببێت.
گوتیشی: ئێران دەبێت بزانن کە ئێمە دەتوانین لە ماوەی یەک کاتژمێردا سەرجەم پردەکانیان تێکبدەین. دەتوانین کۆتایی بە سەرچاوەی وزە و سەرجەم ئەو وێستگەکان بهێنین.
سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی و گۆڕانکاریی دەسەڵات لە تاراندا، جەختی کردەوە، "من تەنیا بۆ یەک هۆکاری زۆر بەهێز هاتمە ناو ئەم جەنگەوە، ئەویش ئەوەیە کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. من بەدوای گۆڕینی دەسەڵات نەبووم، هەرچەندە ئەمەی ئێستا روویداوە خۆی گۆڕینی دەسەڵاتە؛ پێم وایە موجتەبا خامنەیی زۆر عاقڵتر بێت، بەڵام لە ئایندەدا کارەکانمان بۆ دەردەکەوێت."
ترەمپ سەرنجی خستە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکادا و گوتی: "دوێنێ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی درێژخایەنم لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کرد و راستەوخۆ دوای ئەوە گفتوگۆم لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد. پێم وایە هەردوولا دەیانەوێت بگەنە رێککەوتنی ئاشتی. زۆر ناخۆش بوو کە ئەم بابەتە هێندە زۆری کێشا، بەڵام بڕوام وایە دەرئەنجامێکی باشی دەبێت و ئەردۆغانیش لەم بوارەدا زۆر هاوکارمانە."
تورکیا یەکێک بوو لە کڕیار و بەشداربووانی پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەی جەنگیی F-35، بەڵام لە ساڵی 2020دا بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400 لە ڕووسیا، لە پڕۆژەکە وەدەرنرا. تورکیا ئەم هەنگاوەی ئەمریکای بە نادادپەروەرانە ناوبرد و داوای گەڕاندنەوەی ئەو فڕۆکانەی دەکرد کە پارەکەی دابوو، یان گەڕانەوەی بۆ ناو پڕۆژەکە، یانیش قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی.