تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی سکاڵا لەسەر دادگای سلێمانی تۆمار دەکەن

تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و راگیراوانی لالەزار رێکاری نوێی یاسایی دەگرنەبەر و رایدەگەیەنن، بەهۆی یەکلانەکردنەوەی دۆسیەکەیان لە ماوەی یاساییدا، سکاڵایان لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان لەدژی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی تۆمار کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تەمووزی 2026، تیمی پارێزەرانی بەرگری لە دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و راگیراوانی لالەزار راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 37 رۆژ بەسەر تۆمارکردنی سکاڵایەک لە دژی دادگای تاوانەکانی دوو لە رێکەوتی 31ی ئایاری 2026، دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی تا ئێستا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لەو بارەیەوە دەرنەکردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەهۆی ئەم دواکەوتنە نائاساییە لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە، سکاڵایەکی فەرمی لەدژی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان تۆمار کرا."

تیمی پارێزەران پاڵپشت بە ماددەی (10) لە یاسای ژمارە (23)ـی ساڵی 2007ـی یاسای دەسەڵاتی دادوەری، جەخت دەکەنەوە کە پێویستە دادوەرانی دادگای تێهەڵچوونەوە لەبەردەم دادگای پێداچوونەوە ئامادە بن و وەڵامی یاسایی سکاڵاکە بدەنەوە.

هەروەها ئاماژە بە ماددەی (57) لە هەمان یاسا کراوە، کە تێیدا هاتووە "ئەگەر سەلمێنرا هەر پێشێلکارییەک یان کەم‌تەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکاندا هەبووە، دادگای پێداچوونەوە دەسەڵاتی هەیە سزای دیسیپلینی بەسەر دادوەرەکاندا بسەپێنێت، کە سزاەکان بەگوێرەی جۆری پێشێلکارییەکە دەستپێدەکات و دەکرێت بگاتە کۆتایی‌هێنان بە ڕاژەی دادوەرییان."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، دانا حمە تەقی الدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەکە دووپاتی کردەوە کە "یاسا سەروەریی هەموو کەس و لایەنێکە" و ئەوان بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری هەموو ڕێکارە یاساییەکان بۆ پاراستنی مافی بریکارەکانیان.

 شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا. 

لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.