رێنمایی نوێ بۆ تۆمارکردنی خێزان و کەسی نوێ لە بەشەخۆراک بڵاودەکرێتەوە
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، رێنمایی و رێکاری نوێی بۆ راییکردنی مامەڵەکانی "تۆمارکردنی خێزانی نوێ" و "تۆمارکردنی کەسانی سەروو تەمەن 12 ساڵ" بڵاوکردەوە، بە شێوەیەک لێرە بەدواوە راییکردنی ئەم مامەڵانە دەخرێتە ژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی بەشی بەشەخۆراک.
سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی رێکخستنەوەی کارگێڕی و بەڕێوەچوونی کارەکان بە شێوازێکی گونجاو لە لقەکانی بەشەخۆراکدا، هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە بەهۆی کەمیی میلاکی فەرمانبەران لە لقەکاندا، گۆڕانکاری لە رێکاری راییکردنی بەشێک لە مامەڵەکاندا کراوە.
بە پێی رێنماییە نوێیەکان، لێرە بەدواوە جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکانی (تۆمارکردنی خێزانی نوێ) و (تۆمارکردنی کەسی نوێ کە تەمەنی لە 12 ساڵ زیاتر بێت)، لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی راستەوخۆی بەشی بەشەخۆراکدا دەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەرکی لقەکانی بەشەخۆراک دەبێت کە پێشوازی لە هاووڵاتییان بکەن و دوای وردبینیکردن و راییکردنی سەرەتایی مامەڵەکانیان، رەوانەی بەشی کۆمپیوتەری بەشەخۆراکیان بکەن بە مەبەستی دەرهێنانی (شریتی کۆمپیوتەر) کە دەیسەلمێنێت هاووڵاتییەکە یان خێزانەکە پێشتر لە هیچ کام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا تۆمار نەکراون.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لیستی بەڵگەنامە و پێداویستییە داواکراوەکانی بۆ راییکردنی مامەڵەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریی کردووە:
یەکەم: بەڵگەنامە داواکراوەکان بۆ تۆمارکردنی خێزانی نوێ:
-پێشکەشکردنی داواکارییەکی فەرمی (عەریزە) کە ئاراستەی بەڕێوەبەری لق کرابێت.
-فۆرمی سەلماندنی ئامادەبوون (إثبات حضور).
-پسوولەی وەرگرتنی رسوومات (پسوولەی جباية/پێدانی پارە).
-کۆپیی کارتی نیشتمانی بۆ سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە.
-کۆپیی کارتی نیشتەجێبوون (کارتی زانیاری).
-هاوپێچکردنی زانیارییەکانی تایبەت بە (ژمارەی بنکەی بەشەخۆراک، لەگەڵ ژمارە و ناوی بریکاری خۆراک و بریکاری ئارد).
دووەم: بەڵگەنامە داواکراوەکان بۆ دووبارە تۆمارکردنەوەی کەسێک (تەمەن سەروو 12 ساڵ):
-پێشکەشکردنی داواکارییەکی فەرمی (عەریزە) کە ئاراستەی بەڕێوەبەری لق کرابێت.
-فۆرمی سەلماندنی ئامادەبوون (إثبات حضور).
-پسوولەی وەرگرتنی ڕسوومات (پسوولەی جباية/پێدانی پارە).
-کۆپیی کارتی نیشتمانیی یەکگرتووی کەسی داواکار.
-دیاریکردنی ژمارەی ئەلیکترۆنی و ژمارەی بنکەی بەشەخۆراکی ئەو کارتەی کە دەیانەوێت کەسەکەی بۆ زیاد بکەن.
-کۆپیی کارتی نیشتەجێبوون (کارتی زانیاری).
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی جەخت دەکاتەوە کە ئەم رێکارانە بە ئامانجی باشترکردنی پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی مافی هاووڵاتییان لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەدا پەیڕەو دەکرێن.