وەزارەتی کارەبا: تێچووی کارەبای 80%ـی هاوبەشان لە چاو پێشتردا کەمتر بووەتەوە
نیوەی هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی لە ئایاردا کەمتر لە 38 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئامار و داتاکانی تایبەت بە پسوولەی مانگی ئایاری هاووڵاتییانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە نیوەی هاوبەشانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کەمتر لە 38 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.
سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا داتاکانی تایبەت بە پسوولەکانی مانگی پێنجی (ئایار) لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا بڵاو کردەوە.
بە پێی داتاکان، خولی خوێندنەوەی پسوولەی زۆرینەی هاووڵاتیان لەم مانگەدا نزیکەی 41 رۆژ بووە.
ئامارەکان دەری دەخەن کە نیوەی هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی، بڕی بەکارهێنانی وزەی کارەبایان کەمتر بووە لە تێکڕای دیاریکراو و بەمەش بڕی تێچووی پسوولەکانیان کەمتر لە 38 هەزار دینار بووە.
لەم خشتەیەی خوارەوەدا بەکارهێنان و تێچووی کارەبای نیوەی هاووڵاتییان لەسەر ئاستی هەرێم و پارێزگاکان لە مانگی پێنجدا روون کراوەتەوە:
| گەڕانەوەی پارەی کەمتر | کەمتربەکارهێنانی کارەبا بە (کیلۆوات کاتژمێر) | |
| کوردستان | 38,000 دینار | 550 |
| هەولێر | 43,000 دینار | 610 |
| سلێمانی | 32,000 دینار | 465 |
| دهۆک | 41,000 دینار | 620 |
| هەڵەبجە | 30,000 دینار | 423 |
بە پێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کارەبا، تاوەکوو ئەمڕۆ، پڕۆژەی رووناکی توانیویەتی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ زیاتر لە 90%ـی ئەو هاووڵاتییانە دابین بکات کە دەکەونە چوارچێوەی پڕۆژەکەوە.
بەپێی پێوەر و نرخە نوێیەکان، 80%ـی هاووڵاتیان، بە تایبەتی چینە کەمدەرامەتەکان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر لە جاران دەدەن بەراورد بەو بڕە پارەیەی پێشتر بۆ تێکەڵەی کارەبای مۆلیدە و نیشتمانی دەیاندا.
پڕۆژەی رووناکی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەنرا.
پاشان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆدەنگی بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبادا، بە ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی کارەباوە بەردەوامە لە کارکردن بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوامی 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵان و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.