سبەی 2600 پارچەزەوی لە سنووری شارەوانیی خەبات بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێت

سەرۆکی شارەوانیی خەبات رایگەیاند: سبەی پرۆسەی دابەشکردنی 2600 پارچەزەوی بەسەر فەرمانبەراندا بە یەک قۆناخ دەستپێدەکات و پرۆسەکە سەرجەم فەرمانبەرانی شایستەی سنوورەکە دەگرێتەوە.

دلاوەر مزووری، سەرۆکی شارەوانیی خەبات، لە لێدوانێکی تایبتەدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، سبەی چوارشەممە 8ـی تەممووزی 2026،  پرۆسەی دابەشکردنی پارچەزەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانیی خەبات دەستپێدەکات.

سەرۆکی شارەوانیی خەبات باسی لەوە کرد، سبەی 2600 پارچەزەوی بەیەک قۆناخ بەسەر سەرجەم فەرمانبەرانی شایستەدا دابەش دەکرێت.

سەبارەت بە شوێنی دیاریکراوی زەوییەکان، سەرۆکی شارەوانیی خەبات گوتی: "ئەم زەوییانە دەکەونە نێوان کۆمەڵگەی جەدیدە و ناحیەی رزگاری، کە پێگەیەکی گونجاویان هەیە لەسەر رێگای دووسایدی هەولێر-خەبات."

مزووری تیشکی خستەسەر لایەنی پەرەپێدان و خزمەتگوزاریی ناوچەکە و گوتی: "لەپاش تەواوبوونی پرۆسەی دابەشکردنی زەوییەکان، لەسەر بنەمای زانستی و پلاندانانی پێشوەختە، بەرنامە دادەڕێژین بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا و رێگاوبان بۆ ئەو کەرتە نوێیەی نیشتەجێبوون."

سەبارەت بە کڕین و فرۆشتنی زەوییەکان لە بازاڕی خانووبەرەدا، دلاوەر مزووری رێکارێکی پارێزگاریی کارگێڕی راگەیاند و ئاشکرای کرد: "بە مەبەستی رێکخستنی کاروباری یاسایی و دڵنیابوونەوە لە پاراستنی مافی فەرمانبەران، کڕین و فرۆشتن بەم زەوییانەوە ناکرێت تا ئەو کاتەی پرۆسەی وردبینی و تاپۆکردنی فەرمی بە تەواوی کۆتایی دێت."

ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە لە 27ـی ئاداری 2024، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرچوو، بە مەبەستی دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تا ئێستا سوودمەند نەبوون.

 بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە.