پۆلیسی هەولێر: تۆمەتباری رووداوەکەی پیرزین دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەنجامی تەقەکردن هاووڵاتییەک بەناوی حسین فهمی برینداربوو و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تەمموزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "هێزەکانمان ئاگادارکرانەوە لە بوونی رووداوێکی تەقەکردن لە سنووری بنکەی پۆلیسی پیرزین. لە ئەنجامی رووداوەکەدا، هاووڵاتییەک بە ناوی (حسین فهمی فواد) بریندار بوو"،  دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، دەستبەجێ هێزەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد کرد و لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا توانیان تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە بە ناوی (م. ص. م) دەستگیر بکەن.

پۆلیسی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە رێکخراوە بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارە ياساييەکان.