بەمزووانە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی چۆمان دابەش دەکرێت

بڕیاربوو پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە چەند ناوچەیەکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەکی خاوەندارێتی و موڵکدارێتی پرۆسەکە کەمێک دواکەوت، ئێستا کێشەکان چارەسەرکراون و بەمزووانە سەدان پارچە زەوی دیکە لەو سنوورە دابەش دەکرێن.

لەوبارەوە خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران بە کوردستان24 ـی راگەیاند، سەرجەم کێشەکانی بەردەم پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنوورەکەیان چارەسەرکراون و گوتیشی، تاوەکو ئێستا 600 پارچە زەوی لە خەلیفان، 530 پارچە زەوی لە رواندز دابەشکراون و لە چەند رۆژی داهاتووشدا 980 پارچە زەوی دیکە لە سنووری چۆمان دابەش دەکرێن، بە گوێرەی ئامارەکانیش تەنیا لە سنووری باڵەکایەتی زیاتر لە 4300 فەرمانبەر و خانەنشین لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و تا سەرجەم فەرمانبەران سوودمەند دەبن پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت، هەروەها بە گوێرەی بەدواداچوونەکانمان نەخشەیەکی نوێی دابەشکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادەکراوە و بەمزووانە لە سەنتەری شاری سۆران زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش دەکرێت و هەروەها لە سیدەکان و مێرگەسۆریش ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە دەکرێت.

بە گوێرەی مەرج و رێنماییەکان تەنیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نزیکەی 40 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە و بەرپرسانی ئیدارەی شارەکەش دڵنیایی بە فەرمانبەران دەدەن و دەڵێن مافی کەسییان نافەوتێت.

لە تەواوی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە 500 ھەزار رەزامەندیی تەرخانکردنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ گەڕاوەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە 100 ھەزار پارچە زەوی دابەش کراوە.