هەولێر دەبێتە ناوەندیی وەرزشی پۆلۆ

میر تورکی بن عەبدولڕەحمان سەدەیری، یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە وەرزشییە دیارەکانی سعوودیە لە یاری پۆلۆ ی جیهانی و سەرۆکی تیمی (سوارچاکانی بیابان)، ئاشکرای کرد، پلان و گفتوگۆی جیدی هەیە بۆ دامەزراندنی یەکەمین یانە و کۆمەڵگەی وەرزشی تایبەت بە یاری پۆلۆ لە هەولێری پایتەخت، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی کوردستان24 میر تورکی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ دەسپێشخەریی "ڤیزیت کوردستان" (Visit Kurdistan) کرد، بۆ هاوکاریی هاوبەش لە پاڵەوانێتییە وەرزشییەکاندا، و جەختی کردەوە، گەلانی ناوچەکە پەیوەندییەکی برایانە و کولتووریی پتەو کۆیان دەکاتەوە.

دەربارەی وردەکاریی پڕۆژەکە، میر تورکی سەدەیری ئاماژەی بە کۆبوونەوەی بەرهەمداری خۆی لەگەڵ ئارین مەسرور بارزانی کرد و گوتی: "بە شێوەیەکی بەرفراوان گفتوگۆمان کرد دەربارەی یاری پۆلۆ و ئەگەری دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی وەرزشی بۆ ئەم یارییە لە هەولێر. ئارین مەسرور بارزانی وەک کەسایەتییەکی سەرکردەی رێزدار و زۆر رۆشنبیر بینی، کە خاوەن خولیایەکی گەورە و خۆشەویستییەکی زۆرە بۆ وڵاتەکەی و پەرەپێدانی."

سەدەیری روونیکردەوە، هێنانی یاری پۆلۆ بۆ کوردستان رێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنی خولێکی ناوچەیی و پاڵەوانێتی هاوبەش کە کوردستان و سعوودیە و وڵاتانی کەنداو وەک ئیمارات و قەتەر کۆبکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی لێکنزیکبوونەوەی کۆمەڵگاکان لە رێگەی ئەم وەرزشەوە کە گوزارشت لە شەیدایی و سوارچاکی دەکات؛ ئەو بەهایانەی کە گەلی کورد بە سروشتی خۆی خولیایانە.

میر تورکی سەرسامیی زۆری خۆی بە ئاستی ئەو پێشکەوتنە دەربڕی کە هەرێمی کوردستان بەخۆیەوە بینیوە و گوتی: "بە راستگۆیی و ئەمانەتەوە دەڵێم، ئەوەی لە کوردستان بینیم زۆر لە چاوەڕوانییەکانم زیاتر بوو. ئاوەدانی و رێنسانسێکی بەرچاو هەیە کە حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەت مەسرور بارزانی سەرکردایەتی دەکات. دیدگایەکی زۆر روون بۆ داهاتوو هەیە، بە ئاشکرا لە کوالێتی ژێرخان، رێگاوبانە رێکخراوەکان و ئەو شارە مۆدێرنانەی لە قۆناخی دروستکردن دان، بەدی دەکرێت."

ئەم میرە سعوودییە باسی لە ئەزموونی کەسیی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی کرد و ستایشی پێشوازیی گەرم و میواندۆستییە بێوێنەکەیانی کرد و گوتی: "لە ماوەی مانەوەم لە کوردستان، هەمووان بە شێوەیەک پێشوازییان لێکردم، وایانکرد هەست بکەم یەکێکم لە خەڵکی ئەم وڵاتە نەک تەنیا میوانێکی غەریب. کوردستان خاوەن سروشتێکی دڵگیر، کەشوهەوایەکی ناوازە و گەلێکی زۆر میواندۆستە."

هەروەها سەدەیری لە رێگەی پلاتفۆرمی "Visit Kurdistan"ـەوە بانگهێشتنامەیەکی گەشتیاریی ئاڕاستەی گەشتیارانی جیهان کرد بۆ سەردانی هەرێم و دۆزینەوەی جوانییەکانی.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، میر تورکی بن عەبدولڕەحمان سەدەیری بەڵێنیدا، هەرکاتێک یاریگای پۆلۆ لە هەولێر تەواو بوو، تیمەکەی سوارچاکانی بیابان یەکەم ئامادەبوو و بەشداربوو دەبن، هەروەها بەڵێنیدا ساڵانە 3 بۆ 4 پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی لە کوردستان رێکبخات، کە ئێستا بە وڵاتی دووەمی خۆی دای دەنێت.