ترەمپ: جەنگ دەستپێناکاتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا توانای سەربازی و فەرماندەکانی ئێرانیان لەناو بردووە و هۆشداری دا ئەگەر تاران هێرش بکاتە سەر کەشتیی هاوپەیمانان 10 هێندە توندتر وەڵام دەدرێتەوە؛ جەختیشی کردەوە، واشنتن وەک گەورەترین بەشداربووی ناتۆ دەمێنێتەوە و پێشوازی لە پێدانی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا کرد.

چوارشەممە 8ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆتایی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لووتکەیەکی زۆر سەرکەوتوومان بەڕێکرد و و سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەکەم.

هاوکات سەبارەت بە دۆسیەی ناردنی فڕۆکەی جەنگیی F-35 بۆ تورکیا، ئاشکرای کرد، هێشتا بڕیاری تەواوەتی نەداوە، بەڵام پێی باشە رەزامەندی بدات چونکە ئەردۆغان لە زۆر رووەوە هاوکاری ئەمریکای کردووە، هەروەک چۆن چینیش هەڵوێستی باشی هەبووە.

لەبارەی جەنگی ئێران، گوتی: هێزەکانی ئەمریکا توانای سەربازی و فەرماندەکانی ئێرانیان لەناو بردووە و سەرجەم فڕۆکەکانیان تێکشکاندوون. ؛ پێموانییە جەنگ لەگەڵ ئێران دووبارە هەڵگیرسێتەوە و ئەم ئاڵۆزییە بەم زووانە کۆتایی دێت." هۆشداریشی دا، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتیی بازرگانیی هاوپەیمانان لە شەودا، ئەوا ئەمریکا 10 هێندە توندتر وەڵام دەداتەوە.

لە رووی ئابووری ئێرانەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی جەنگەکەوە رێژەی هەڵاوسان لە ئێران گەیشتووەتە 350%، لەکاتێکدا پێش جەنگ تەنیا 5% بۆ 6% بووە؛ گوتیشی: ئێمە ناتوانین رێگە بدەین ئەوان ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. سەرکردەکانی ئێران دەیانەوێت رێککەوتن بکەن بەڵام نازانن چۆن، هەرچەندە لەم دواییانەدا کەمێک عاقڵتر دەرکەوتوون."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر ژیانی خۆی کرد و رایگەیاند: "من لە پلەی یەکەمی لیستی تیرۆرکردنی ئێراندام، ئەوان خەڵکێکی سەرنجڕاکێشن، بەڵام من گرنگی بەوە نادەم و بەردەوام دەبم لە ئەنجامدانی کارەکەم بە باشترین شێوە."

ترەمپ جەختی کردەوە، ئەمریکا وەک گەورەترین بەشداربووی ناتۆ دەمێنێتەوە و وڵاتانی ئەندامیش لە هاوپەیمانێتییەکە پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە بەرەو تەرخانکردنی 5%ی بودجەیان بۆ کەرتی بەرگری.