پزیشکیان: یاساشکێنی و فێڵکردن لە سیاسەت و وەرزشدا خەسڵەتی ئەمریکایە

سەرۆککۆماری ئێران بە توندی هێرش دەکاتە سەر سیاسەتەکانی واشنتن و رایدەگەیەنێت، یاساشکێنی و فێڵکردن خەسڵەتی هاوبەشی ئەمریکان لە کایەکانی سیاسەت و وەرزشدا، بە تایبەت لە کاتی میوانداریکردنی جامی جیهانیدا.

چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، پەیامێکی بە زمانی ئینگلیزی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاو کردەوە و تێیدا بەراوردی لە نێوان رەفتارەکانی ئەمریکا لە میوانداریکردنی جامی جیهانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا کردووە.

پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، "رەفتاری ئیدارەی ئەمریکا وەک میوانداری جامی جیهانی، هیچی دیکە نییە جگە لە درێژەپێدانی سیاسەتە دەرەکییە ناسراوەکانی خۆی کە خۆی لە پێشێلکردنی یاساکان، ملھوڕی بەرامبەر رکابەران، بەربەست دروستکردن و فێڵکردندا دەبینێتەوە؛ ئەمەش هەمان ئەو رێبازەیە کە بە دروشمی "با ئەمریکا جارێکی دیکە مەزن بکەینەوە، بە (MAGA) ناسراوە."

سەرۆککۆماری ئێران جەختی کردەوە، "ئێران یاریی لەم شێوەیە قبووڵ ناکات؛ ئێمە بە توندی بەرگری لە مافەکانی خۆمان دەکەین."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی دابوو، بە ئامانجی سزادانی تاران و لاوازکردنی تواناکانی لە تێکدانی ئاسایشی دەریایی، زیاتر لە 80 ئامانجی جیاوازییان لە باشووری ئێران پێکاوە.

هاوکات سوپای پاسدارانی لە وەڵامدا راگەیاندبوو؛ 85 پێگەی سەربازی ئەمریکای لە هەردوو وڵاتی بەحرەین و کوەیت کردووەتە ئامانج. تاران ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە لایەن ئەمریکاوە.