وۆڵ ستریت جۆرناڵ: گەڕانەوەی دۆلار بەرامبەر بڕینی سەرچاوەی دارایی ئێرانە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سڕکردنی چوار مانگەی ناردنی نەختینەی دۆلاری بۆ عێراق هەڵگرتووە؛ ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە حکوومەتەکەی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر جێبەجێکردنی رێکاری نوێ و توند بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی دۆلاری ئەمریکی بۆ ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە رێگەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە.

چوارشەممە 8ـی تەممووزی 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق ئاشکرای کردووە، بەغدا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر جێبەجێکردنی کۆنترۆڵ و رێکاری نوێ بۆ رێگریکردن لە لێشاوی دۆلاری ئەمریکی بۆ ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی، لە بەرامبەردا ئیدارەی ترەمپ سڕکردنی چوار مانگی ناردنی نەختینەی دۆلاری بۆ عێراق هەڵگرتووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە هەناردەی نەوتی عێراق راوەستا و واشنتن لانی کەم دوو بارە دۆلاری نەختینەی راگرت، کە بەهای یەکێکیان 500 ملیۆن دۆلار بووە.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، لە بەرامبەردا، بەغدا بەڵێنی داوە رێکاری توند بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی دۆلار بە ئێران و هاوپەیمانەکانی لە رێگەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و مووچەی چەکدارانی سەر بە گرووپە چەکدارەکان؛ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، دەستپێکردنەوەی ناردنی دۆلار دوای ئەوە بووە کە بەغدا بەڵێنی داوە سیستەمی دارایی وڵاتەکەی لە قۆستنەوەی گرووپە چەکدارەکان بپارێزێت.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی رۆژنامەکە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە چەندین شێوازی قاچاخچیتی دۆلاردا تێوەگلاون، لەوانەش بەکارهێنانی کارتەکانی ماستەرکارت و ڤیزاکارت بۆ راکێشانی دۆلار لە ئیمارات و گەڕاندنەوەی بۆ عێراق بە مەبەستی گۆڕینەوەی بە دینار و قازانجکردن لێی. ڤیکتۆریا تەیلەر، بەرپرسی پێشووی دۆسیەی عێراق لە ئیدارەی بایدن رایگەیاند، ئێران و گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەر کایەکانی ئابووریی عێراقدا گرتووە، بۆیە ئیدارەی ترەمپ فشارە داراییەکان لەگەڵ گوشاری سیاسی بۆ چەکداماڵینی میلیشیاکان یەکخستووە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردوو و لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئێران، ناردنی دۆلاری نەختی بۆ بەغدا راگرت، ئەمەش حکوومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەو پارە نەختییە بێبەش کرد کە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوت لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرک پاشەکەوت کرابوو.