ئەردۆغان دەمانچەی بە دیاری بەخشییە سەرکردەکانی ناتۆ

ستارمەر رازی نەبوو دەمانچەکەی ئەردۆغان بباتەوە بۆ بەریتانیا

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کارێکی جیاوازدا دەمانچە و بڕێک فیشەکی وەک دیاری بەخشییە ئەو سەرکردانەی بەشدارییان لە لووتکەی ناتۆدا کردووە، بەڵام هەندێک لە سەرکردەکان بەهۆی یاسای وڵاتەکانیانەوە نەیانتوانیوە دیارییەکە لەگەڵ خۆیان ببەنەوە.

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەنقەرە بۆ وڵاتەکەی رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە هەموو سەرکردە بەشداربووەکانی لووتکەی ناتۆی، دەمانچەیەکی بەخشیوە کە ناوی هەر سەرکردەیەک لەسەر دەمانچەکەی خۆی هەڵکۆڵراوە، لەگەڵ بڕێک فیشەک.

ستارمر ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە ئەردۆغان نووسراوێکی فەرمیی هاوپێچ کردووە کە ئەو چەکانە لە رێکارەکانی هەناردەکردن دەبەخشێت، بەڵام ئەو ناچار بووە دەمانچەکە لە تورکیا جێبهێڵێت، چونکە بردنی بۆ نێو خاکی بەریتانیا بەپێی یاساکانی وڵاتەکەی بە پێشێلکاریی یاسایی هەژمار دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند کە فریدریچ مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا هەمان دیاریی پێدراوە. گوتەبێژەکە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە، دەمانچەکەی مێرتس رادەستی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ئەنقەرە کراوە بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکانی بۆ تەواو بکرێت و وەک دیارییەکی فەرمی ببرێتەوە ئەڵمانیا.

هاوکات دوو بەرپرسی یەکێتیی ئەوروپا پشتڕاستیان کردەوە کە هەریەک لە ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا هەمان جۆرە دەمانچەیان لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە وەک دیاری پێدراوە.